Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2019
سلێمانی ـ AA
هێرشەكەی چەكدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە درەنگانی شەوی رابردوو بۆسەر بنكەیەكی هێزەكانی ئاسایش لە نزیك ناحیەی كوڵەجۆ (30 كلم رۆژئاوای كەلار لە سنووری پارێزگای سلێمانی) بووە و بەو هۆیەوە شەڕوپێكدادان بۆ ماوەیەك لە نێوان هەردوولا روویداوە.
قایمقامی كەلار، شەهاب ئەحمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەكدارانی داعش هێرشێكی كتوپڕیان بۆسەر ئەو بنكەیەی ئاسایش بە گولـلە هاوەن ئەنجامداوە و دواتر تەقەیان كردووە و لە ئەنجامدا چوار كارمەندی ئاسایش و پێشمەرگە شەهید بوون و حەوتی تریش بریندار بوون".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەوە رێگری كراوە لەوەی چەكدارانی داعش لە ناحیەكە نزیك ببنەوە و بەو هۆیەوە شەڕوپێكدادان لە نێوان هەردوولا روویداوە.
قایمقامی كەلار باسی لەوەش كرد، چەكدارەكانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەكانی تری جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە كە ناوچەی گەرمن و چەكدارانی داعش لەو ناوچانە بونیان هەیە هاتبوون، تا ئێستاش زیانەكانی ئەوان لە هێرشەكەدا نازانرێت و هێزەكانی ئاسایش لەو بارەیەوە بەدواداچوون دەكەن.
لەنێو قوربانییەكاندا دوو كارمەندی ئاسایش و دوو پێشمەرگە هەیە كە یەكیان پۆستێكی باڵای هەیە و بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی گەرمیان بووە بە ناوی ئاسۆ جەلال.