Heman Hussein Yaseen
21 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2021
ههولێر - AA
لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لەسەر پێشنیازی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنەکانی رۆشنبیری و راگەیاندن و دوای راوێژکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە دەنگی ١٠١ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رۆژی ٢٢ی نیسانی ھەموو ساڵیک بە رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی دیاریکرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی نیسان، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و بە دەنگی ١٠١ پەرلەمانتار پێشنیازە بڕیاری رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی پەسەندکرا.
لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانیی کوردستاندا ھاتبوو ''بەپێی حوکمی ماددەی (٥) و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم) لە ماددەی (١٦) و بڕگەی (سێیەم) لە ماددەی (١٨) و بڕگەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم و پێنجەم) لە ماددەی (٢٠) و ماددەکانی (٤٧، ٤٨، ٥٢، ٥٤، ٥٥، ٥٦، ٥٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بڕیاریدا بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە (٩)ی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان بەم شێوەیە بێت:
یەکەم: بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای "بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوار و کەلەپوور لە ھەرێمی کوردستان-عێراق"، بەپێی حوکمی ماددەکانی (٨٧، ٨٨، ٨٩) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
دووەم: دەنگدان لەسەر ئەم پێشنیازەیاسا و بڕیارانەی خوارەوە بەپێی حوکمی ماددەکانی (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦، ٩٧) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان:
١. پێشنازەبڕیاری رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی لە ھەرێمی کوردستان - عێراق.
٢. پێشنیازە یاسای پاراستنی تۆڕ و بنچینەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە ھەرێمی کوردستان - عێراق.
سێیەم: دانان و دەستلەکارکێشانەوەی ئەم ئەندامانە لە لیژنە ھەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی حوکمی ماددەکانی (٢٨، ٣٤) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان:
١. دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار (زانا خالد سمایل) لە لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ.
٢. دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار (گوڵستان باقی سلێمان) لە لیژنەی (کشتوکاڵ و ئاودێری) و زیادکردنی بۆسەر لیژنەی (کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لە مافی مرۆڤ).
٣. دانانی پەرلەمانتار (ھەڵکەوت ئەنوەر خەلیفە) لە لیژنەی (کشتوکاڵ و ئاودێری) و لیژنەی (دەستپاکی).
٤. دانانی پەرلەمانتار (سەباح مەحمود محەمەد) لە لیژنەی (دەستپاکی).
٥. دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار.
٦. دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار (ئەبوبەکر عومەر عەبدوڵڵا) لە لیژنە (پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی) و زیادکردنی بۆسەر لیژنەی (شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار).
٧. دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار (ھڵز ئەحمەد محەمەد) لە لیژنەی (کشتوکاڵ و ئاودێری) و زیادکردنی بۆ سەر لیژنەی (پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی).