Sarmand Hameed
01 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2022
هەولێر - AA
وەزیری سەدر، ساڵح محەمەد عێراقی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کرد فالح فەیاز لە سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی بگۆڕێت و کۆتایی بەبوونی میلیشیا و گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە پێگەی ھەستییارەکانی دەوڵەت بھێنێت.
ساڵح محەمەد عێراقی لە پەیامێکدا کە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردووەتەوە، چەند داواکارییەکی ئاراستەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی کردووە.
وەزیرەکەی سەدر لە پەیامەکەیدا وەک خۆی دەڵێت لە پێناو پاراستنی شکۆی دەوڵەت و کۆتاییھێنان بە بوونی میلیشیاکان لە شوێنە ھەستیارەکانی دەوڵەت، چەند پێشنیازێکی بۆ مستەفا کازمی خستووەتەڕوو.
ساڵح محەمەد عێراقی لە بەشێکی پەیامەکەیدا داوای گۆڕینی فالح فەیاز لە سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات و رایگەیاندووە کە فەیاز کەسێکی حزبییە و سەرۆکی فراکسیۆنە، ئەمەش کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگەی حەشدی شەعبی.
بەگوتەی وەزیرەکەی سەدر "فالح فەیاز کەسایەتییەکی بەھێزی نییە و تەنانەت عەقڵییەتی سەربازیشی نییە و بەگشتی شایستەی ئەو پۆستە نییە".
ساڵح محەمەد عێراقی داوا لە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات فەرمانێکی توند بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانەی کە بانگەشەی بەرخۆدان (مقاومە) دەکەن و بەو ناوەوە خەڵکی دەکوژن، دەربکات.
ئەو سەرکردەیەی نزیک لە موقتەدا سەدر ھاوکات داوا لە کازمی دەکات فەرمان بدات بە دەرکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارییەکان بە حەشدی شەعبیشەوە لە ناوچەی سەوز و تەنھا ھێزە ئەمنییە نیشتمانییەکان ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچەیە بگرنە ئەستۆ.
وەک وەزیرەکەی سەدر دەڵێت "مانەوەی ئەو گرووپانە لە ناوچەی سەوز مەترسی ئەمنی بۆسەر خودی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکان و دامەزراوەکانی دیکەی دەوڵەت بەتایبەت دەسەڵاتی دادوەریی و فشارەکانی سەری دروست دەکات".
لە بەشێکی دیکەی دیکەی پەیامەکەیدا، ساڵح محەمەد عێراقی داوای دوورخستنەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە بازگە و دەروازە سنوورییەکان دەکات و دەڵێت ئەمەش "بەمەبەستی پاراستنی ناو و ناوبانگی جەنگاوەرە چاکەکانە، ھەروەک کەسانێک ھەن کە بە ئەنقەست ناوبانگیان دەشێوێنن لە رێگەی بەکارھێنانی توندوتیژی و بازرگانی و قاچاخچێتی و هتد".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەزیری سەدر، ساڵح محەمەد عێراقی داوا لە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان دەکات پاڵپشتی ئەو جەنگاوەرانە بکات کە لە ناوچە ئازادکراوەکاندان و وەک ئەو دەڵێت "ھەندێکیان بەدەست پەراوێزخستن و نەبوونی چاودێریی لە رووی سەربازیی و ئەمنی و لۆجستییەوە دەناڵێنن".
رۆژی دووشەممەی رابردوو، دوای ئەوی لایەنگرانی سەرکردەی رەوتی سەدر ھەڵیانکوتایە سەر کۆمەڵگای حکوومی لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لەنێوان گرووپە چەکدارییە شیعەکان روویدا و بەھۆیەوە لانیکەم ٣٠ کەس کوژران و نزیکەی ٦٠٠ کەسی دیکە برینداربوون.