Hawkar Yaseen,Zana Natık Kerem
15 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2020
بەغدا ــ AA
بەپیی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سبەی پێنجشەممە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن كۆدەبێتەوە و دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش ساز دەكرێت.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە کراوە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان بە جیا لەگەڵ سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆكوەزیران، مستەفا كازمی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی كۆدەبێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، جان ئیڤ لۆدریان دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی بۆ بەغدا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا، زانیاری زیاتر نەخراوەتەڕوو بە تایبەت دەربارەی ئەو پرسانەی كە جان ئیڤ لۆدریان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی دەكات، هەروەها هیچ ئاماژەیەکیش نەدراوە بەوەی کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەچێتە هەولێر.
فەڕەنسا بە یەكێك لە وڵاتە هاوبەشە گرنگەكانی عێراق دادەندرێت بەتایبەتیش كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، رۆڵێكی كارا و بەرچاو دەگێرێت.