Abdulhameed Husseın Karam
07 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2024
ھەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا هەردوولا پرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و چەند بابەتێکی دیکەی جێی بایەخی ھەردوولایان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم بڵاویکردەوە لەو کۆبوونەوەیەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەمە، ٧ی شوبات لە ھەولێر بەڕێوەچوو، هەریەک لە وەزیرانی پێشمەرگە و پلاندانان و جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئامادەی بوون، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ھەرێم و پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە بە شێوازێک کە خزمەتی زیاتر بە ھەردوولا بکات گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
ئاماژەی بەوە کرا کە دۆسیەی ئەمنیی و دۆخی سەقامگیری عێراق و ھەرێم تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، لەو بارەیەشەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کراوە و جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی ھەردوو وڵات.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کراوە و، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم داوای چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەی کردووە.