Heman Hussein Yaseen
01 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2020
هەولێر – AA
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و تییادا داوا دەکات ئەو هاووڵاتی و کارمەندانەی کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن تا ٦/٦/٢٠٢٠ لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە.
لە ئاگادارییەکەدا کە بە واژووی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد دەرچووە هاتووە "گشت هاووڵاتییانی سڤیل، فەرمانبەران و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان کە لە پارێزگاکانی عێراق دەوام دەکەن، وەزارەتی ناوخۆ هاتوچۆی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراقی راگرتووە تا ٦/٦/٢٠٢٠ کاتژمێر ١٢ی شەو، پێویستە لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە، تا تێپەڕبوونی ئەو وادەیە و رێکاری خۆپارێزی بگرنەبەر".
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، قەدەغەکردنی هاتوچۆی بۆ ماوەی شەش رۆژ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و بڕیارەکەش لە شەوی رابردووەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە.