01 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە کە لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا، دوو سەرباز کوژراون و دووی دیکەیش برینداربوون.
لەوبارەوە شانەی ناوبراو راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "لە گوندی گڕاو سەربە شارۆچکەی مەخموور باشووری رۆژهەڵاتی نەینەوا، بۆمبێکی چێنراو بە کاروانێکی سوپا-دا تەقیوەتەوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە لە ئاکامی تەقینەوەکەدا، دوو سەرباز کوژراون و دووی دیکەیش برینداربوون.
شانەی رایگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوەیشداوە، تەقینەوەکە لەو کاتەدا روویداوە کە هێزەکانی سوپا سەرقاڵی ئەنجامدانی ئۆپەراسۆن بوون بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە.
تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی کردەکە رانەگەیاندووە.
مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، ھێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و دوای سێ ساڵ لە شەڕی سەخت دژبە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەرەیان راگەیاند کە بە یەک لەسەر سێی خاکی عێراق ھەژماردەکرا کە داعش لە ھاوینی ٢٠١٤ کۆنترۆڵی کردبوو.
سهرۆكوهزیرانی پێشووتری عێراق، حهیدهر عهبادی له نۆی كانوونی یهكهمی ٢٠١٧دا، سهركهوتنی بهسهر ئهو رێكخراوهدا راگهیاندبوو.
وێڕای ئەوەی ھێزەکانی عێراق داعشیان لە ناوچەکان شکست پێهێناوە و شارەکانيان ئازادکردووە، بەڵام شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە تاکو ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەکانیان بهتایبهت لە گوندەواری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، مووسڵ، سەڵاحەددین و ئەنبار.