Zana Natık Kerem
02 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2020
بەغدا - AA
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری باشووری رۆژئاوای کەرکووک دەستی پێ کرد.
لەوبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، عەمید یەحیا رەسول راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی و بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە (قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق) بە ئامانجی پشکنینی ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای کەرکووک لە سنووری یەکلاکەرەوە لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەددین بە رووبەری ٧٣٨،٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە دەستی پێ کرد.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە ئۆپەراسیۆنەکە لە پێنج میحوەرە دەستی پێکردووە کە لە میحوەری یەکەم، هێزەکانی زرێپۆش و لیوای کۆماندۆی سەربە ئۆپەراسیۆنەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و لە میحوەری دووەم، هێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدرال و لە میحوەری سێیەم، هێزەکانی هەردوو لیوای سێ و چواری سوات و لە میحوەری چوارەم، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەددین و هێزەکانی سوات سەربە فەرماندیی پۆلیسی سەڵاحەددین و لە میحوەری پێنجەم، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری حەشدی شەعبی تیایدا بەشدارن.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، پشتیوانی لەلایەن فڕۆکەکانی سوپا و هێزی ئاسمانیی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش دابینکراوە.
باس لەوەشکراوە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، دەستگیركردنی كەسانی داواكراو و راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە پتەوتر بێت.