Zana Natık Kerem
02 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2020
کەرکووک - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کە جلوبەرگی سەربازیی پۆشیوە بە فڕۆکەیەکی تایبەت، گەیشتە پارێزگای کەرکووک.
بەپێی میدیاکانی خۆجێی، مستەفا کازمی لە میانی گەیشتنی بۆ کەرکووک لەلایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، لیوا روکن سەعد حەربییە و ژمارەیەک فەرماندەی دیکەی سەربازی و ئەمنییەوە پێشوازی لێکرا.
هاوکات نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رایگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، مستەفا کازمی گەیشتووەتە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکووک بۆ ئەوەی سەرپەرشتی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق بکات کە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامانجی راودوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری کەرکووک دەستی پێکردووە.
مستەفا کازمی دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمە یەکەمجارە سەردانی کەرکووک بکات.
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق، بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری باشووری رۆژئاوای کەرکووک دەستی پێ کرد.
ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەش، دەستگیركردنی كەسانی داواكراو، هەروەها راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە پتەوتر بێت.
ئەم ئۆپەراسیۆنەش دوای ئەوە ئەنجامدراوە كە لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا لە ئاكامی هێرشیکی تیرۆریستانی داعش بۆسەر خاڵێکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە، چوار چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و شەشی دیکەیش برینداربوون.