Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
28 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 735 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارە لە هەولێربووە بە 292 تووشبوو، 283 لە دهۆک، 103 لە سلێمانی، 25 لە گەرمیان و لە پارێزگای هەڵەبجەیش 32 تووشبوو.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 286 کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە کە زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە 204 کەس، 23 کەس لە سلێمانی، 32 کەس لە گەرمیان، سێ کەس لە دهۆک و لە هەڵەبجەیش 24 کەس.
هەروەها لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 22 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە 10 کەس، دوو کەس لە هەولێر، چوار کەس لە دهۆک، سێ کەس لە راپەڕین و سێ کەسیش لە هەڵەبجە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، 456 هەزار و 994 پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، 46 هەزار و 466 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.
لەو ژمارەیەش تا ئێستا، 29 هەزار و 708 کەسیان چاکبوونەتەوە و 15 هەزار و 65 کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان، هەروەها هەزار و 693 کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.