Heman Hussein Yaseen
28 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
شاندێکی کۆنسولخانەی تورکیا کە پێکھاتبوو لە بەرپرسی نوێی هۆبەی کاروباری بازرگانی لە کۆنسولخانەی تورکیا لە ھەولێر، کەڕەم توزلو سەردانی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستانی کرد و بڕیاردرا کە ھەماھەنگی زیاتر بکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاری بۆ بازرگانانی ھەرێم.
سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، گەیلان حاجی سەعید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، پیرۆزبایی لە بەرپرسی نوێی هۆبەی کاروباری بازرگانی لە کۆنسولخانەی تورکیا لە ھەولێر کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و گوتی: "ھەردوو بەرپرسی نوێی بازرگانی و گومرکی لە کۆنسولخانەی تورکیا سەردانیان کردین، گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیا و ھەرێم و عێراق، ھەروەھا ھەماھەنگی نێوانمان دووپاتکردەوە بۆ ئاسانکاری بازرگانانی ھەردوولا کە پێمان وایە قۆناغی ئێستای بازرگانی دەبێت جیاواز بێت".
گەیلان حاجی سەعید راشیگەیاند کە بەرپرسی هۆبەی کاروباری بازرگانی لە کۆنسولخانەی تورکیا لە ھەولێر، کەڕەم توزلو جەختی لە ھەماھەنگی و پەرەپێدان بە کەرتی بازرگانی کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆی بازرگانان دەکرێت.
سەرۆکی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، گەیلان حاجی سەعید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێم و تورکیا لە میانی قەدەغەی ھاتوچۆ بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گوتی: "ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە، بەڵام شەش مانگی رابردوو بەھۆی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر دابەزیبوو، بەڵام لەدوای مانگی حوزەیران ئاستەکە بەرزبووەتەوە، ھیوادارین کە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بگاتەوە بە ئاستی ساڵی ٢٠١٩ کە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و عێراقدا ھەبووە و ھیواداریشین تورکیا ھاوکاربێت لە دامەزراندنی کارگە بۆ ساغکردنەوەی بەرھەم و بەروبوومی ناوخۆیی".
بڕیارە لە ١٨ تشرینی دووەمی داهاتوو هەژدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی (سەندیکای پیشەسازان و خاوەنکارانی تورکیا - MÜSİAD) لە شاری ئیستانبوڵ بە هەماهەنگی وەزارەتی ئابووری تورکیا و ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا بکرێتەوە و ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت کە لەم پێشانگایەدا، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبن.