عێراق

هەولێر.. کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ

- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی دیکەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی کرد.

Heman Hussein Yaseen  | 13.07.2020 - نوێکردنەوە : 14.07.2020
هەولێر.. کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ

Arbil

ھەولیر - AA

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی دیکەی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون، دۆخی ئێستای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکانی سنووردارکردنی ڤایرۆسەکە و کارایی رێکارەکانی خۆپارێزی و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ھەڵسەنگێنراوە.

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی راپۆرتێکی دەربارەی رێژەی تووشبووان و مردن و چاکبوونەوە خستەڕوو و ئاماژەی بە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و ھەڵکشانی رێژەکە کردووە کە ھۆکارە سەرەکییەکەی پابەندنەبوونە بە رێنماییە تەندروستییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها، ھەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تێبینی و سەرنج و ھەڵسەنگاندنی خۆیان لە بارەی رێکارەکانی خۆپارێزی و ئاستی پابەندبوون بە رێنماییەکان خستەڕوو.

ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی تیشکی خستووەتەسەر مەترسییەکانی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان و زیادبوونی رێژەی تووشبووان و مردووان و ئاماژەی بەوەیش داوە کە بەھۆی بە سیاسیکردنی بابەتەکە و پابەندنەبوون بە رێنماییەکان، ژمارەی تووشبووان و مردووان رۆژ بە رۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە جارێکی دیکە داوای لە ھاووڵاتییان کردووەتەوە کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.

ئاماژەی بەوەیش داوە کە دوای ھەڵسەنگاندنی پێویستی بارودۆخەکە، لیژنەی باڵای وەزاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریداوە بە؛ بەردەوامبوونی ھەردوو وەزارەتی تەندروستیی و ناوخۆ لە دەرکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنمایی تەندروستیی پێویست بۆ رووبەڕبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەپاندنی بە کارھێنانی ماسک و دەستەوانە و تێکەڵاونەبوون لە شوێنە گشتییەکان و وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی پێشتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچوون و سزادانی سەرپێچیکاران، ھەروەھا بەردەوامبوونی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگا و شارەکان لەو کاتانەی کە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکانەوە راگەیەندراوە و درێژەدان بە داخستنی شوێنە گشتییەکان.

هەروەها ئاماژە کراوە بە گەشتە ئاسمانییەکان و تیایدا ھاتووە کە گەشتە ئاسمانییەکان ھەتا ٢٢ی ئەم مانگە رادەگیرێن و دواتر بە ھەماھەنگیکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدرال بڕیاری پێویستی لە بارەوە دەدرێت بە لە بەرچاوگرتنی رێکار و رێنماییە تەندروستییەکان.

ھەروەھا وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان و فەرمانگەی میدیا و زانیاریی لە چوارچێوەی بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستییدا، راسپێردران بۆ بەردەوامبوون و برەودان بە ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان بۆ پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن لە ھەرێمی کوردستان.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın