Heman Hussein Yaseen
24 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف و بەبەشداری ژمارەیەک قوتابی، یادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و لاوانی تورکمان بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەکەدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف گوتارێکی پێشکەشکرد و تیاییدا تیشکی خستە سەر ھەڵبژاردنەکانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی لە وڵاتدا.
ئایدن مەعروف گوتی: ''نەبوونی نوێنەرێکی تورکمان لە کابینەی کازمی بە نادادپەروەر دەزانین و تورکمان لە کاتێکدا لایەنگری ئاشتی و پێکەوەژیان و بەشێکی گرنگە لە پێکھاتەی عێراق، دەبێت نوێنەری لە کابینەکەدا ھەبێت''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئایدن مەعروف باسی لەو ھەڵبژاردنە پێشوەختەیە کرد کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو لە عێراق بەڕێوەبچێت و گوتی: ''بۆ ئێمە گرنگە بە ھەموو چین و توێژەکانەوە لە سەرانسەری ئەو ناوچانەی کە تورکماننشینن، بەشدارێکی بەھێزی ھەڵبژاردنەکان بین''.

ناوبراو گوتیشی: ''رەنگە ھەڵبژاردنی ئەمجارە لە رووی چۆنییەتی ئەنجامدانییەوە جیاواز بێت لە رابردوودا و دەبێت ئێمە خۆمان بۆ ئەوە ئامادە بکەین کە زۆرترین کاریگەرییمان ھەبێت''.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر پێکھاتەی ئێزدییەکان و گوتی: ''ئێزدییەکان لەگەڵ ھاتنی داعش خاکەکەیان داگیر کرا. ئێمە پشتیوانی لەو رێککەوتنە دەکەین کە لە نێوان حکوومەتی عێراق و ھەولێر کرا و، خوازیارین ئەوە بەردەوامی پێبدرێت. خوازیاری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەین بۆ گەڕانەوەی ھەرچی زووتری ئاوارەکانە بۆسەر زێدی خۆیان''.
ئایدن مەعروف وەبیریشی ھێناوە کە تورکمانێکی زۆر تا ئێستا لە کەمپەکاندا دەژین و بەھۆی شەڕ و پشێوی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان و داوای کرد کە ھەوڵ بدرێت بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەش.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئایدن مەعروف سوپاسی ئامادەبوون و بەشداریکردنی ھەموو میوانانی کرد و ئەوەی بە رێزگرتن لە یادی شەھیدانی قوتابی تورکمان لە قەڵەم دا.