Heman Hussein Yaseen
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
دوای کاتژمێر و نیوێک لە دەستپێکردنی پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە ھێزە ئەمنییەکان و دەزگاکانی ئاسایش و ئاوارەکان، رێژەی بەشدارییکردنی دەنگدەران روو لە زیادبوونە و پڕۆسەکەش بە رێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچێت.
کاتژمێر ٧ی بەرەبەیان بنکەکانی دەنگدان بەرووی دەنگدەرە تایبەتەکان دا کرایەوە و بۆ ئەم مەبەستەش ھێزە ئەمنییەکان، دەزگاکانی ئاسایش، بەندییەکان و بەشێک لە نەخۆشی نەخۆشخانەکان بەشداری پڕۆسەکە دەکەن.
لە ھەولێر دوو بنکە بۆ رووماڵی راگەیاندنەکان دەستنیشانکراوە کە ھەریەک لە قوتابخانەی پزداندوخت لە شارۆچکەی عەنکاوە بۆ ھێزە ئەمنییەکان و قوتابخانەی ١١ی ئەیلوول لە گەڕەکی شۆڕش بۆ ئاوارەکان.
لە ساتەکانی بەرەبەیان دا، بەشدارییکردنی دەنگدەران سست بوو، بەڵام دوای کاتژمێر و نیوێک لە تێپەڕبوونی پڕۆسەکە، رێژەی بەشدارییکردن لە قوتابخانەی پزداندوخت لە شارۆچکەی عەنکاوە کە تایبەتە بە ھێزە ئەمنییەکان، رووی لە زیادبوون کرد و دەنگدەران نۆرەیان لە پێش بنکە و وێستگەکانی ژوورەوە دا گرتووە.
پڕۆسەکە بە رێنماییە تەندروستییەکان بەڕێوەدەچێت و، ھەر دەنگدەرێک بەر لە چوونە ژوورەوەی دەبێت دەستەکانی بە ماددەی پاککەرەوە پاکبکاتەوە و ماسکی بەستابێت، ھاوکات بردنە ژوورەوەی مۆبایلیش قەدەغەیە.
جێی ئاماژەیە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق ٥٩٥ بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و ١٢١ بنکەیان لە ھەرێمی کوردستانە لەو ژمارەیەش، ٥٢ بنکەیان لە ھەولێر، ٤١ بنکە لە سلێمانی و ٢٨ بنکەش لە دھۆکە.
پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری ھاووڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت.
لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و ٧٥ ھەزار و ٧٢٧ کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.
لە ھەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ ھەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٧٧ ھەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ ھەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٨٤٢ ھەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای دھۆکیش ٨٢٢ ھەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی ھەیە و ٥٢٠ ھەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر، سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆکیش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانە لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.