Rewa Mahmood Hasan
08 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2021
سلێمانی-AA
لەسلێمانی، هاوشێوەی هەموو پارێزگاکان عێراق، دەنگدانی تایبەت بە ھێزەئەمنیەکان دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ ھەینی ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لەشاری سلێمانی بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم ھێزە سەربازییەکانی سنوور پارێزگای سلێمانی و دەوورووبەری دەستی پێکرد.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە رۆژی ٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢١ و ٤٨ کاژێر پێش بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی دەستپێدەکات، ھەروەھا لەو رۆژەدا تەنیا دەنگدەری ھێزە ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان ھەیە و لەکاتی دەنگدانیان کارتە بایۆمەترییەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە بۆ رێگرتن لە ساختەکاری.
لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ٨٤ هەزار و ٧٧٥ دەنگدەری تایبەت لە پاریزگای سلێمانی مافی دەنگدانیان هەیە.
لە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان کرانەوە و تاوەکو شەشی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، لە سەرانسەری عێراق یەک ملیۆن و ٧٥ هەزار و ٧٢٧ کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن، ١٢٠ هەزار و ١٢٦ ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لە گرتووخانەکانیش ٦٧١ کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
سێ ملیۆن و ٤٨٦ هەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ هەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش بووە.
لە هەولێر یەک ملیۆن و ٢٣٨ هەزار و ٣٧٩ کەس مافی دەنگدانی هەیە و ٥٧٧ هەزار و ٥٩٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و ٤٢٥ هەزار و ٧٠٥ کەس مافی دەنگدانی هەیە و ٨٤٢ هەزار و ٩٨٠ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای دهۆکیش ٨٢٢ هەزار و ٧٠٣ کەس مافی دەنگدانی هەیە و ٥٢٠ هەزار و ٧٢٩ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
بە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، هەولێر و سلێمانی و دهۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی هەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی هەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دهۆکیش بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە هەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دهۆکە.
لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق ٥٩٥ بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و ١٢١ بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە، ٥٢ بنکەیان لە هەولێر، ٤١ بنکە لە سلێمانی و ٢٨ بنکەش لە دهۆک.
ئاوارەکان لە هەمان رۆژی دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن، بەپێی داتای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا ئەوانەی وەک ئاوارە لای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمارکراون، ژمارەیان ١٢٠ هەزار و ١٢٦ ئاوارەیە کە مافی دەنگدانیان هەیە لە شوێنی مانەوەیان، لەوانە زیاتر لە ١١٧ هەزاریان لە کەمپەکاندا دەمێننەوە کە لە سەرانسەری عێراق ٢٨ کەمپی ئاوارەکان هەن و ٢٦یان لە هەرێمی کوردستاندان، بەڵام نزیکەی ٥٤٠ هەزار ئاوارەی دیکەش هەن لە شارەکاندا دەژین و وەک ئاوارە تۆمارنەکراون و دەبێت بگەڕێنەوە شار و ناوچەکانی خۆیان دەنگ بدەن.
بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن ٦٠ بنکەی دەنگدان کراونەتەوە، ٣١ بنکەیان لە دهۆک، ٢٠ بنکە لە هەولێر و نۆ بنکەشیان لە سلێمانییە.
سزادراوانی گرتووخانەکانیش کە ژمارەیان ٦٧١ کەسن، شەش وێستگەی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی، واست، موسەننا و میسان.
لەم هەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ هەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ هاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ هەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانه لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دورخستەوە.