Hawkar Yaseen
06 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2021
هەولێر - AA
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە ١٧ی خولی بەهارەیدا هەمواری یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لە سنووری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە بە دەنگی ٦٨ پەرلەمانتار پەسەندکرد.
بەپێی هەمواری یاساکە، هەموو ئەو خانووانەی بەزێدەڕۆیی دروستکراون و دەکەونە نێو ماستەرپلانی شارەوانییەکان لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ دەکرێن بەمەرجێک رێگرنەبێت لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان.
سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پەرلەمانی کوردستان، لوقمان وەردی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاساکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بەهاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتی شارەوانییەکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان هەستاین بە هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە، بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت وە بەشێوەیەک بێت، خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت سوودی لێ وەربگرن لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە، بتوانن ببنە خاوەنی خانووی خۆیان و خانووەکانیان لەسەر تاپۆبکرێت".
گوتیشی: "بەپێی بەدواداچوونەکانی ئێمە و تەخمینەکانمان زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان سوود لە جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە وەردەگرن، کۆمەڵێک گۆڕانکاریمان تێداکردووە کە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت، یەکێک لەوانە نرخەکانمان دابەزاندووە بۆ لەسەدا پێنج لە نرخی راستەقینەی زەوی لە شار و شارۆچکەکان، هەروەها هەموو ئەو خانوانەی تاوەکو ٣١ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بەزێدەڕۆیی دروستکراون و کەوتوونەتە ناو ماستەرپلانی سنووری شارەوانییەکان بەمەرجێک پێچەوانەی ماستەرپلانی شارەوانییەکان نەبن و رێگرنەبن لە خزمەتگوزاری گەیاندن بە گەڕەکەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە".
لوقمان وەردی راشیگەیاند "بۆ ئەو ناوچە و شار و شارۆچکانەش کە لە سەردەمی رژێمی رابردوو دووچاری وێرانبوون هاتوون، قەزاو ناحیەکانی سەر سنوور تایبەتمەندییەکمان جیاکردووەتەوە کە بە لەسەدا دووی نرخی راستەقینەی زەوی خانووەکانیان لەسەر تاپۆ دەکرێت، هاوشێوەی قەزای چۆمان و مێرگەسوور لە پارێزگای هەولێر، قەزای پێنجوێن، هەڵەبجە، چوارتا و قەڵادزێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەموو ئەو ناوچانەی لە سەردەمی رژێمی رابردوو دووچاری وێرانکردن هاتوون و لەدوای راپەڕین ئاوەدان کراونەتەوە حوکمەکانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە".
دەربارەی رووبەری دیاریکراو بەپێی یاساکە بۆ بەخاوەنکردنی خانووەکان، لوقمان وەردی رایگەیاند "رووبەر لەسەر ئاستی پارێزگاکان ٣٠٠ مەتر، لەسەر ئاستی قەزاکان ٤٠٠ مەتر و لەسەر ئاستی ناحیەکان ٥٠٠ مەتر دەبێت، بەهیچ شێوەیەک حوکمەکانی ئەم یاسایە ئەو خانوو و ڤێلایانە جێبەجێ نابێت کە لەسەر زەوی کشتوکاڵی جێبەجێکراون، تەنیا لەسەر ئەو شوێنانە جێبەجێ دەبێت کە کەوتوونەتە نێو ماستەرپلانی شارەکان و ئەو گەڕەکە دوورە دەست و هەژار نشینانەی کە بەحوکمی ئەو بارودۆخانەی لە هەرێمی کوردستان هاتوونەتەپێش بەحوکمی کەمدەرامەتی خەڵک بەناچاری زێدەڕۆییان کردووەتە سەر موڵکەکانی شارەوانی، حوکمەکانی ئەم یاسایە تەنها لەسەر ئەو ناوچانە جێبەجێ دەبن".
سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان دەربارەی گرنگی دەرچواندنی یاساکە رایگەیاند "ئەم یاسایە دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ رێککردنەوە و رێکخستنەوەی نەخشەی بنەڕەتی ماستەرپلانی شارەوانی ئەو گەڕەکانەی بە زێدەڕۆیی دروست بوون و دەبێتە هاندەرێک بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئەو گەڕەکە هەژارنشینانەی بە زێدەرۆیی دروستکراون".
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەشیدا لوقمان وەردی رایگەیاند "بەو ئامانجە ئەم یاسایەمان هەمووار کردووەتەوە و حوکمەکانیمان گەیاندووەتە ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ تاوەکو کۆتایی بهێنێت بەدیاردەی زێدەڕۆییکردن و ناڕێکی لە شار و شارۆچکەکان، بۆ ئەم مەبەستە بە دەنگی پەرلەمانتاران ئەمڕۆ پەسەند کرا".