Sarmand Hameed
06 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، پلانیانیان داناوە بۆ دابەشکردنی زەوی و بۆ ئەمەش بڕیاری دروستکردنی ١٧ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و دابەشکردنی ٥٥٠ هەزار پارچە زەوی دراوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەمڕۆ سێشەممە لە بەغدا بەڕێوەچوو، رایگەیاند "هەموو خێزانێکی عێراقی مافی بوونە خاوەن خانووی شایستەی بەخۆی هەیە کە شکۆیان بپارێزێت و ژیانێکی باشیان هەبێت".
کازمی ئاشکرای کرد کە لەگەڵ تیمی تەکنێکی تایبەت بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هاووڵاتییاندا کۆبووەتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەرەوەرانە دەست پێدەکات و بەپێی خاڵبەندی زەوی بەسەر هاووڵاتییانی شایستەدا دابەش دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی: "پلانمان داناوە بۆ دابەشکردنی ٥٥٠ هەزار پارچە زەوی نیشتەجێبوون، حکوومەت رێککارەکانی دروستکردنی ١٧ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی لە سەرجەم پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان تەواو کردووە، هەشت کۆمەڵگەیان لەڕووی تەکنیکییەوە تەواوکراون و ئامادەن بۆ دابەشکردن".
مستەفا کازمی راشیگەیاند، لایەنە پەیوەندارەکانی راسپاردووە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ دەستەبەرکردنی زۆرترین ژمارەی زەوی نیشتەجێبوون بۆ سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگا لە عێراق.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قسەکانیدا کە لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا پێشکەشی کرد، جەختی لەوەشکردەوە کە سەرجەم ئەو کەسانەی کە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون نین و پێشتر لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەندنەبوونە، زەوییان پێدەدرێت و ئەمەش مافی خۆیانە.
مستەفا کازمی گوتیشی: "خانەوادەی شەهیدە سەربەرزەکانمان لە پێشینەدان، چینی هەژار و مامناوەندیش سوودمەند دەبن لە پێدانی زەوی".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، هاوتەریب لەگەڵ دەستپێشخەری دابەشکردنی زەوی بەمەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون، پلانیان هەیە بۆ پێدانی قەرز تاوەکو یارمەتیدەر بێت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبووون، ئەمەش ئابووریی ناوخۆ دەبوژێنێتەوە و هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت.
مستەفا کازمی لەبارەی قەیرانی کارەبا لە عێراق دوا و گوتی: "هەفتەی رابردوو چەند هەوڵێک هەبوون بۆ کەمکردنەوەی ئەو بڕە کارەبایەی کە بۆ بەرزترین ئاست پێیگەیشتووین، ئەم بڕە کارەبایەی ئێستا هەیە لە پێشوودا نەبوو، دوای دوو رۆژ داڕمان لە چوار پارێزگا روویدا، بەڵام لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چارەسەرکرا".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، دوای دوو رۆژ لەو هەوڵانە داڕمان لە سیستەمی کارەبا بەشێوەیەکی گشتیی هاوکات لەگەڵ کردنە ئامانجی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا روویدا، بەم نزیکانە لێکۆڵینەوەکان سەرجەم هۆکارەکان ئاشکرا دەکات.
لەبارەی هەوڵ و هەنگاوەکانیان بۆ رێگەگرتن لە هەوڵی کردنە ئامانجی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا، مستەفا کازمی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق سەرجەم هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا گرتووەتەبەر و چەندین هەوڵی تێکدەر و تیرۆریستییان شکست پێهێناوە و ژمارەیەک تێکدەریان دەستگیرکردووە.
گوتیشی: "لەم کابینەیەی حکوومەتدا کارمان کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمی تەزووی کارەبا و ژمارەیەک وێستگەمان کردووە و بەردەوامین لە هەوڵەکانمان بۆ زیادکردنی بەرهەم و لابردنی ئاستەنگەکان بۆ کردنەوەی وێستگەی نوێ و ئەنجامدانی گرێبەست".
سەرۆکوەزیرانی عێڕاق بە رەخنەگرتن لە کابینەکانی پێشووی حکوومەتی عێراق، گوتی: "خراپی پلان و گەندەڵی و ئاژاوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان بارێکی قورسی لەسەر دۆسیەی کارەبادا جێهێشتووە، حکوومەتی ئێستا لەرێگەی ستراتیژیی زانستیی و کرداریی کاردەکات بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە و ئەم دۆسیەیە بخاتە سەر رێگەی راست بە ئامانجی خزمەت گەیاندن بە رۆڵەکانی گەلەکەمان".
لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەیەک تاوەری گواستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە چەند پارێزگایەکی عێراق کرانە ئامانج و ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی.
بەهۆی کەمی کارەبای نیشتمانی، و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لە ژمارەیەک شاری عێراق خۆپیشاندان ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران داوای باشکردنی رەوشی کارەبایان لە عێراق دەکرد.
رۆژی شەممە رابردوو، شانەی قەیرانەکانی لەناکاو بۆ چارەسەری دۆخی کارەبای نیشتمانیی لە عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پاراستنی تاوەرەکانی تەزووی کارەبا کراوە لە کردنە ئامانجیان لەلایەن تێکدەران و تیرۆریستانەوە کرا و بڕیاری گرتنەبەری ژمارەیەک رێککار دەرکرا.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندارەکانی راسپاردووە کە ھەموو ھەوڵەکانی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ پاراستنی تاوەرەکانی کارەبا لە کردنە ئامانج و تەقاندنەوەیاندا.
بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی کارەبا، وەزیری کارەبای عێراق، ماجد حەنتوش نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەش کرد و دەستلەکارکێشانەوەکەی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی پەسەندکرا.
پێشتریش راگەیاندنی ئەمنی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو، لە ئاکامی ئەو هێرشانە کە کراونەتە سەر تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانیی، ٦١ تاوەری کارەبا تەقێندراونەتەوە هەروەها حەوت کەس کوژراون و ١١ی دیکە برینداربوونە.
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا، لەئێستادا عێراق، ١٩ ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە ٣٠ ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.