Sarmand Hameed
23 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2021
هەولێر - AA
گوتەبێژى جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەمیر هەورامی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندى هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بوودجە گشتیی و راشیگەیاند، ئەو دەقە نوێیەی کە لەگەڵ بەغدا لەسەری رێککەوتوون خراوتە ناو پرۆژەیاسای بوودجەوە.
سەمیر هەورامى لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى "سەباح" ى فەرمى عێراق گوتی: "ئەو دەقە نوێیەى کە لە چوارچێوەى پڕۆژەیاسای بوودجەدا لەسەرى رێککەوتووین دوو پێشنیاز لەخۆ دەگرێت، و هەرێم ئامادەیە یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێ بکات کە رێککەوتنى لەسەر کراوە".
سەمیر هەورامى ئاماژەى بەوەشکردووە کە شاندى هەرێمی کوردستان لە چەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەى گفتوگۆکان و جێبەجێکردنى ئەوەى رێککەوتنى لەسەر کراوە، جا چ ئەو رێککەوتنە بێت کە لەگەڵ حکوومەتى عێراق کراوە و خراوەتە ناو پڕۆژەیاسای بوودجەوە یان ئەو رێککەوتنەى کە لەگەڵ بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان لەبارەى پشکى هەرێمی کوردستان لە بوودجەدا کراوە.
گوتەبێژى جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە حکوومەتى هەرێم رەزامەندى خۆى نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنى ئەو رێککەوتنەی لەبارەی پشکى هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بوودجەدا، کراوە.