عێراق

نێچیرڤان بارزانی: "ھێشتا عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستییان بە ھاریکاری و پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھەیە"

Zana Natık Kerem  | 21.10.2025 - نوێکردنەوە : 21.10.2025
نێچیرڤان بارزانی: "ھێشتا عێراق و ھەرێمی کوردستان پێویستییان بە ھاریکاری و پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھەیە"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند کە ھێشتا عێراق و ھەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی عێراقدا، پێویستییان بە ھاریکاری و پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھەیە.

سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کردووە لە و سوپاسالاری عێراق، فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا و شاندی یاوەری کە لە ژمارەیەک لە پلەدارانی باڵای سەربازی و ئەمنیی عێراق پێکھاتبوو.

ڕاشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەیەکدا کە سوپاسالاری پێشمەرگە و ژمارەیەک فەرماندە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەی بوون، ھاریکاریی ھاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ھەروەھا پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق و ئەمەریکا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی دوولایەنەی ئەمنیی نێوانیاندا، مەترسییەکانی تیرۆر و دۆخی سووریا، تاوتوێ کراون.

ڕاشیگەیاندووە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا ھاوڕا بوون کە داعش ھێشتا مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و سووریا دەکات و لەوبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە ھێشتا عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆر و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی عێراقدا، پێویستییان بە ھاریکاری و پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھەیە.

باسی لەوەش کردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی ستایش و پێزانینی بۆ ڕۆڵی سوپای عێراقی کردووە لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا ، ھەروەھا پتەوکردنی ھاریکاریی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقی بە پێویست لە قەڵەم داوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە بەرامبەردا سوپاسالاری عێراق، فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا دووپاتی کردووەتەوە کە ئێستا ھاریکاریی نێوان سوپا و پێشمەرگە لە باشترین دۆخدایە.

ڕاشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پاراستنی ئاسایشی سنوور و دۆخی دەروازە سنوورییەکان بەتایبەتی لەنێوان سووریا و عێراقدا، کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق لە ئەیلوولی ٢٠٢٦ و دۆخی دوای ئەو قۆناغە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın