پارێزگاری شرنەخ: "یەکێک لە ئامانجەكانمان ئەوەیە ئاڵوگۆری بازرگانی لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل بيگەیەنێنە ٣٠ ملیار دۆلار"
پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو و شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیچی ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کرد.

Arbil
ھەولێر ــ AA
پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو پێشوازی لە شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتی پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیچی کرد و کۆبوونەوە.
ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیچی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی ژمارەیەک پرس، ئەوەش لە پێنا بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی بارزگانی، کولتووری، ئەدەبی، ھونەری، ھەروەھا ھەنگاوەکان بەرەو دروستبوونی پەیوەندی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی ھەرێم و تورکیا و زیادکردنی جووڵەی بارزگانی، ھاوبەشی و پێکەوەکارکردن.
باسی لەوەش کرد کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر تاوتوێ کراوە.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمە یەکەمجارە پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیچی سەردانی ھەولێر دەکات و گوتی: "ھەردوولامان ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی کە کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوانمان بەردەوامیان ھەبێت".
گوتیشی: "پارێزگاری شرناخ بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەمان کردووە، بۆ ئەوەی سەردانی پارێزگای شرناخ بکەین، لەبەر ئەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا سەردانی پارێزگای شرناخ دەکەین".
ڕاشیگەیاند کە ھەر ئەمڕۆ پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیچی لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەشدا کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بیرۆل ئێکیچی باسی لە بەرەوپێشڤەچوونەکانی شاری شرناخی کردووە، بەتایبەتی لە پرسی دۆزینەوەی نەوتدا.
لە بەرامبەردا پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیچی ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ لەسەر بانگھێشتنامەی پارێزگاری ھەولێر بە یاوەری شاندێک سەردانی شاری ھەولێریان کردووە و گوتی: "پیرۆزبایی لە پارێزگاری ھەولێر دەکەم بۆ دامەزراندنی شارێکی وا مۆدێرن و سەوز، ئێمەش وەک شاری شرناخ یەکێکین لەو شارانەی کە بەخێرایی بەرەو پێش دەچین و دەروازەی سنووریی خاپوور-ئیبراھیم خەلیل کە دەکەوێتە شارەکەمان، یەکێکە لە گەورەترین دەروازە سنوورییەکانی وڵاتەکەمان کە زۆرترین ڕێژەی ھەناردەکردنی تیایدا ئەنجام دەدەرێت".
گوتیشی: "دەروازەی سنووریی خاپوور-ئیبراھیم خەلیل کە بە یەکێک لە دەروازە سنوورییە گەورەکان دادەندرێت، ساڵانە بە بڕی ١٧ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیایدا ئەنجام دەدرێت، ئێستا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا ئەوەیە کە ئەو بڕە بگەیەنێتە ٣٠ ملیار دۆلار".
باسی لەوەش کرد کە لەئیستادا لەو دەروازە گەورەیەدا، ڕۆژانە ،چوار ھەزار بارھەڵگر و ١٠ ھەزار گەشتیار تیایدا، ھاتوچۆ دەکەن و گوتی: "بە مەبەستی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی بازرگانی و ھەماھەنگی نێوانمان، دووبارە سوپاسی پارێزگاری ھەولێر دەکەم بۆ بانگھێشتانامەکەی، ھەروەھا ھەزاران ساڵە میللەتی ھەردوولامان کە لەم ناوچەیەدا دەژین برای یەکترن، بۆ ئەوەی برایەتییەی نێوانمان پتەوتری بکەین، دەبێت لە بوارەکانی کولتوور، ھونەر و وەرزشدا، پەیوەندییەکانمان زیاتر بەھێز بکەین".
گوتیشی: "بانگھێشتی پارێزگاری ھەولێرم کردووە، بۆ ئەوەی بەشداری لە یادی کەسایەتی مەلای جزیری بکات کە مانگی داھاتوو لە شرناخ بەڕێوەدەچێت".
پارێزگاری شرناخ، بیرۆل ئێکیچی ڕاشیگەیاند کە ھەر ئەمڕۆ بە جیا لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی کۆدەبنەوە و گوتی: "ئەو پڕۆسەی کە ئێستا لە تورکیا بەردەوامە کە پڕۆسەی ئاشتییە، بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت".
گوتیشی: "پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە بەسەرکردایەتی سەرکۆمارمان دەستی پێ کراوە لەلایەن ھاووڵاتیانیمانەوە پشتگیری تەواو دەکرێت، لەبەر ئەوە دەبێت کار بکەین بۆ سەرخستنی پڕۆسەکە".