Heman Hussein Yaseen
31 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا وێرای پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو دوو پیشمەرگەیەی کە شەوی رابردوو لە پەلامارێکی تیرۆریستانی داعش شەھیدبوون، رایگەیاند کە دووبارەبوونەوەی بەردەوام و فراوانبوونی پەلامارەکانی تیرۆریستان، ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە داعش ھێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی وڵات دەکات.
نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "پرسە و سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاری سەربەرزی ھەردوو شەھیدی گیانفیدا، خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر لە لیوای ١٠ی پیادەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم کە شەوی رابردوو دوای رووبەڕووبوونەوەیەکی قارەمانانە لە کاتی راوەدوونانی تیرۆرستانی داعشدا لە ناوچەی پردێ شەھید بوون و گیانی پاکیان بە نیشتمان بەخشی".
لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە "لە دڵەوە ھاوسۆز و ھاوخەمی خێزان و کەسوکاریان و تەواوی ھاوڕێ و ھاوسەنگەرانیان و پێشمەرگە قارەمانەکانم. لە نزیکەوە ھەست بە ئێش و ئازاریان دەکەم. لە پەروەردگاری مەزن داواکارم گیانی شەھیدان بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و سەبووری و دڵنەوایی بە ئەوان و ئێمە و ھەمووان ببەخشێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە تیرۆریستانی داعش ھێشتا ھەڕەشەن لەسەر سەقامگیریی و ئارامی وڵات و رایگەیاندووە "دووبارەبوونەوەی بەردەوام و فراوانبوونی پەلامارەکانی تیرۆریستان، ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە داعش ھێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە و ھەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی وڵات دەکات، بۆیە دەبێت بە ئیرادە و دەستێکی پۆڵایینەوە، بە ھاوکاریی و ھەماھەنگیی پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھێزە ئەمنییەکان و بە پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تا لەناوبردنی یەکجارییان، رووبەڕوو و بەرەنگاریان ببینەوە".