Fahrettin İbrahim
18 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە باڵیۆزى نوێی نیوزیلاند لە عێراق، ترێدن دۆبسۆن کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى دەستبەکاربوونى لە ترێدن کردووە و هیواى سەرکەوتنى لە کارەکانیدا بۆ خواستووە، هەروەها هەردوولا خواستى خۆیان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوانیان لە بوارە جیاکاندا نیشان داوە.
تریدن سوپاس و پێزانینى وڵاتەکەى بۆ رۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژبە داعش و حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران دەربڕىووە و پوختەیەکیشی دەربارەى ئەرکى وڵاتەکەیان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى دژبە داعش خستووەتەڕوو.
ئاماژەبەوەیش دراوە کە تاوتوێکردنى زەمینە و دەرەفەتى کار و وەبەرهێنانى بیانى لە هەرێمى کوردستان، پرۆسەى ئاوەدانکردنەوەى دواى شەڕى تیرۆر، دۆخى ئاوارە و پەنابەران و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانى خۆیان، پێشهاتەکانى عێراق و دۆخى ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى دیدارەکە بوون.