Heman Hussein Yaseen
18 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح رایدەگەیەنێت کە سکاڵایان لە دەستەی دەستپاکی تۆمارکردووە سەبارەت بە گەندەڵی لە خاڵە سنوورییەکان و ئاشکرایشی دەکات کە قەبارەی گەندەڵی لە سنوورەکاندا مانگانە گەیشتووەتە ٤٠ ملیۆن دۆلار.
عەلی حەمە ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "هاوکات لەگەڵ ئەوەی کار لەسەر یاسای چاکسازی کراوە، لەماوەی رابردوودا کاری بەدواداچوونی جددیمان کردووە لەسەر کۆمەڵێک پرس و لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش کۆمەڵێک بڕیار لەبارەی بەدواداچوونەکانمانەوە دەرچووە، بۆیە دەمەوێت رای گشتی ئاگادار بکەینەوە، چونکە بەشێک لەو بابەتانەی کراوە بابەتی مەترسیدارن جگە لەوەی گەندەڵییە، پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح ئاشکرایکرد کە سکاڵای یاسایی تۆمارکردووە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ لە رێگای دەستەی نەزاهەوە سکاڵای یاساییمان تۆمارکرد لەسەر بابەتێک کە ئەو رۆژەی کە ئەم کابینەیە سوێندنی یاسایی خواردووە لە ١٠ی تەمووز، بەڕێوەبەرێکی گشتی بە رەزامەندی وەزیری پێشووی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی داوە کە بڕی ٣٠٠ هەزار کارتۆن هێلکە داخلی هەرێمی کوردستان بکرێت لە کاتێکدا لەو کاتەدا هێنانی هێلکە بە بڕیاری حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان قەدەغە بووە بەهۆی بوونی ئەنفلەوەنزای باڵندە، بەڵام بیانووی داخلکردنەکە ئەوەیە کە ئەم هێلکانە بۆ سووریا دەچێت و هیچیشی بۆ سووریا نەرۆیشتووە".
عەلی حەمە ساڵح گوتیشی: "دوای بەدواداچوونی جددی دەرکەوتووە کە ئەم هێلکانە هیچی بۆ سووریا نەڕۆیشتووە و لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساغکراوەتەوە، ئەگەریش بۆ سووریا نێردرابێت، بۆ ئەوانیش هەمان مرۆڤ نین؟، چۆن دەبێت هێلکەیەکیان بۆ رەوانە بکرێت کە ئەنفلەوەنزای باڵندەی هەبێت، قەبارەی ئەم بازرگانییە کە ئەگەر رێگای لێ نەگیرایە چەندین ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام بەشێکی داخل بوو، هیوادارین دادبینییەکی عادیلانە لەم دۆسیەیەدا بکرێت".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح لە بەشێکی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر ئەو گەندەڵییانەی لە خاڵە سنوورییەکان کراوە و گوتی: "لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەدواداچوونی جددی لەسەرجەم خاڵە سنوورییەکان کراوە، تا ئێستاش بە هێزی سەربازییەوە کاڵای قەدەغەکراوە داخلی هەرێمی کوردستان دەکرێت، قەبارەی گەندەڵی لە خاڵە سنوورییەکاندا مانگانە نزیکەی ٤٠ ملیۆن دۆلار بووە، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی پێکهێناوە و بڕیاریداوە بەدواداچوون بۆ هەموو گرێبەستەکان و دۆخی خاڵە سنوورییەکاندا بکات".
عەلی حەمە ساڵح گوتیشی: "یەکێک لەو گەندەڵییە رێکخراوەی لە هەرێمی کوردستان هەبووە، خۆدزینەوە بووە لە باج، کە هیچ کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی نەوت باجی نەداوە، کۆمپانیا هەبووە لە ملیۆنەها دۆلار بەخشراوە لە کاتێکدا بەخشین لە باج لە دەسەڵاتی هیچ بەرپرسێکی حکوومەتدا نییە، یەکێک لە نموونەکان ئەوەیە کە کۆمپانیایەکی مۆبایل هەیە کارتی مۆبایلی دە هەزار دیناریی بە ١٢ هەزار دینار دەفرۆشێت، دەبووایە ئەو دوو هەزارە زیادەیەی کە وەریدەگرێت راستەوخۆ بدرابووایە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دیناری لەخەڵک وەرگرتووە و دەبوو دەستاودەست بیداتە حکوومەت، بەڵام هیچی لەو بڕە پارەیە نەدراوەتە حکوومەت و بەداخەوە بۆی کراوە بە قیستی ٢٠٠ مانگ، بەڵام بڕیاری حکوومەت وەرگیراوە کە وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیە وەربگرێتەوە".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح ئاماژەی بەوەکرد کە چاودێری ئەو خاڵانە دەکەن کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەرداوە و گوتی: "ئێمە چاودێری ئەم خاڵانە دەکەین کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێداوە، کۆمپانیا هەیە بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکات لە مانگێکدا ١٠ ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە لە کاتێکا حکوومەت دەبێت ئەو کارانە بکات جگە لەوەی خاڵە سنوورییەکان بووەتە مەنبەعی گەندەڵی و ئەنجوومەنی وەزیران کاری لەسەر کردووە".
لە کۆتایی قسەکانیدا، عەلی حەمە ساڵح باسی لە دۆسییەکانی نەوت کرد و گوتی: "یەکێکی دیکە لە دۆسیەی گەندەڵییەکان پرسی نەوتە، بەهۆی زۆری خەرجی کۆمپانیاکانە، سەرەڕای ئەوەی چەندین لیوای نەوت و گاز و هێزی پێشمەرگە و زێرەڤانیمان هەیە، بەڵام پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان دراوە بە هەدنێک بەرپرس ئەمەش وایکردووە کە بەشێکی زۆر لە پارەی ئەو کێڵگە نەوتییانە نەگەڕێتەوە بۆ حکوومەت".