Heman Hussein Yaseen
18 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، فوئاد عوسمان لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕێكی بەکۆمەڵ لە نەجەف رایگەیاند: "رووفاتەکان کوردنین، بەڵکو شیعەی عێراقن کە بەر شاڵاوی جینۆسایدکردن کەوتوون".
ماوەیەک لەمەوبەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە نزیک شاری نەجەف دۆزرایەوە کە راگەیەندرا هەزار و ٣٠٠ رووفاتی تیادایە.
لەمبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، فوئاد عوسمان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەر بابەتێک کە پەیوەندی بە رووفاتەوە هەبووبێت، ئەوا ئێمەی لێ ئاگادار دەکرێتەوە تاکو بەهاوبەشی لەگەڵ پزیشکی دادی عێراقی کار لەسەر هەڵدانەوەی بکەین، لەماوەی رابردووشدا ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە بەشێکی هەڵدرابووەوە و ژمارەیەک رووفاتی لێ دەرهێندرابوو کە تایبەت بوو بە قوربانییانی راپەڕینەکەی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ کە بە راپەڕینی بەشەعبانییە ناسراوە، ئیستا دەزگای شەهیدانی عێراق لەگەڵ پزیشکی دادی سەرقاڵی ئەوەیە کە رووفاتەکان دەربهێنرێت و پشکنینیان بۆ بکرێت".
سەبارەت بە چۆنیەتی دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە، فوئاد عوسمان گوتی: "دۆزینەوەی گۆڕی بەکۆمەڵ لە دوو رێگا دەبێت، یان شایەتحاڵەکان دەستنیشانی شوێنەکان دەکەن یان لە کاتی کارکردن سەرەداوی گۆڕەکان بە دیار دەکەوێت و لایەنی پەیوەنداری لێ ئاگادار دەکاتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەوەیشی خستەڕوو کە ژمارەی قوربانییەکان هەزار و ٣٠٠ رووفاتە و کوردنین بەڵکو شیعەی عێراقن و جەختیشی کردەوە کە لە هەڵدانەوەی هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ سەرەتا بەپێی جلوبەرگ و ناسنامەکان دەردەکەوێت کە قوربانییەکان لەکام نەتەوەن و خەڵکی کام ناوچەن.
فوئاد عوسمان گوتیشی: "پەیوەندیمان لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەیە و ئێستا سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی رووفاتەکان و دواتر دەیگوازنەوە بۆ پزیشکی دادی و دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی بۆیان دەکرێت بۆ ئەوەی کەسوکارەکانییان بناسرێنەوە".
لەمانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا دەزگای شەھیدانی عێراق رایگەیاندبوو کە گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە سنووری پارێزگای نەجەف دۆزراوەتەوە کە درێژییەکەی ٤٠٠ مەترە و تەرمی ھاووڵاتییانی عێراقی لەنێودایە.
لەم بارەیەوە دووشەممەی رابردوو بەرێوەبەری دەزگای شەهیدانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە گۆرە بە کۆمەڵە دۆزراوەکە هەزار و ٤٠٠ رووفاتی تێدابووە بەڵام راستەوخۆ دوای رووخانی رژێمی بەعس هەزار و ٣٠٠ تەرمیان لە لایەن خەڵکەوە دەرهێنراون، لە ئێستاشدا بۆمان دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر گۆڕی دیکە لە ناوچەکە هەن کە دەیان تەرمی تێدایە.
گوتیشی، ناوچەکە ناوجەیەکی ئەمنی بووە لە سەردەمی رژێمی بەعس، لە لایەن رژێمەوە بۆ کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی نەیارانیان بەکار هێنراوە.