Ahsan Mohammed Ahmed Ahmed
18 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2019
ھەولێر - AA
لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨وە، سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، سزای لەسێدارەدان وەک یاسا لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی راگیراوە.
بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە دەستەی مافی مرۆڤ، تاڤگە عمر لەبارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئیستا لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان دەرکردنی بڕیاری سزای لەسێدارەدان کاری پێدەکرێت و بڕیاری لەسەر دەدرێت، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٠٨وە، سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناکرێت، سزای لەسێدارەدان وەک یاسا لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان بوونی ھەیە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی راگیراوە".
تاڤگە عمر سەبارەت بەو کەسانەی کە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و لە گرتووخانەکانی ھەرێمی کوردستاندان گوتی: "لەئیستادا لەناو گرتووخانەکانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ کەس سزای سێدارەدانیان بۆ دەرکراوە کە ئەمەیش کاریگەرییەکی زۆری لە رووی دەروونی و یاسایی و مرۆییەوە دروستکردووە لەسەر راگیراوانی ناو چاکسازییەکان".
بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە دەستەی مافی مرۆڤ، تاڤگە عمر سەبارەت بە ماددە یاساییەکە گوتی: "ئێمە پێمان باشە ئەو ماددە یاساییە رابگیرێت و کاری پێ نەکرێت لە دادگاکانی ھەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تاوەکو ئیستا تەنھا بۆ چەند حاڵەتێکی فردی نەبێت کە ئەو یاسایە بەسەریاندا جێبەجێکراوە ئەوانی دیکە لەنێو گرتووخانەکاندا راگیراون بۆیە کارپێکردنی ئەم یاساییە سیستەمی چاکسازی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە پێویستە رابگیرێت و کاری پێنەکرێت".
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵۆ "راگرتنی ئەم ماددە یاساییە نابێتە ھۆکاری زیادبوونی رێژەی تاوان"؟ بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و پاراستنی مافی مرۆڤ لە دەستەی مافی مرۆڤ گوتی: "کاتێک مرۆڤەکە مافی ژیانی لێوەردەگریتەوە ئەوکات سیستەمی چاکسازی نامێنێت، چونکە ئەو کەسە بوونی نابێت و ئەمەیش وادەکات رێژەی تاوان بەرەو زۆر بوون بڕوات، سزای لەسێدارەدان ئەنجامی تاوانەکەیە، بەڵام ئێمە دەبێت کار لەسەر ئەو ھۆکارانە بکەین کە دەبنە ھۆی زیادبوونی رێژەی تاوانەکان کە ئەمەیش فاکتەرێکی باشە بۆ کەمکردنەوەی تاوانەکان".
لە زۆربەی ئەو تاوانانەی کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە کەسوکاری قوربانییان داوا لە کاربەدەستانی ھەرێم دەکەن کە سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبارەکاندا بسەپێنرێت و جێبەجێی بکەن.
لەمبارەوە مافپەروەر، شوان سابیر سەبارەت بە زیادبوون و کەمبوونەوەی رێژەی تاوان لە روانگەی ھێشتنەوە و نەھێشتنەوەی سزای لەسێدارەدان گوتی: "نە ئەو وڵاتانەی کە یاسای لەسێدارەدانیان لابردووە رێژەی تاوان زیادیکردووە و نە ئەو وڵاتانەی کە یاسای لەسێدارەدانیان ھیشتوەتەوە تاوان تیایدا بنبڕ بووە، بە پێچەوانەوە رێزگرتن لەو سزایەیە کە بەسەریدا دەسەپێنرێت و حوکمی خۆی تەواو بکات پاشان ئازاد بکرێت ئەمە وادەکات رێژەی تاوان کەم بێتەوە" .
سەبارەت بە بڕیاری لێبوردنی گشتی شوان سابیر گوتی: کێشەی گەورەکە ئەوەیە لێبوردنی گشتی و لێبوردنی تاکەکەسییە کە ناھێڵێت ئەو پەرپەرچدانەوەی کە لە یاسایی سزادان ھەیە بەسەر تاکەکە و بەسەر کۆمەڵگاشدا کاریگەری ھەبێت و ئەمەش وادەکات تاوانبار ترسی لە جۆری سزاکەی نەبێت و تاوان ئەنجام بدات ئەمەش وادەکات رێژەی تاوان و کوشتن کەم نەبێتەوە" .
ئەو هەروەها گوتیشی: "تاوانەکانی تر کە سزاکەی ناگاتە سزای لەسێدارەدان زۆر زیاترن لە رێژەی ئەو تاوانانەی یاخود ئەو کەسانەی کە لەئیستادا لە چاکسازییە کانی ھەرێم سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بۆیە روو بەڕووبوونەوەی تاوان دەبێت لەڕێگەی چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی ھۆکارەکانی تاوانەکە بێت نەوەک مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی".
سەبارەت بەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەر جێبەجێکراوە ماف پەروەر، شوان سابیر گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا ئیستا پێنج کەس سزاکەیان بەسەردا جێبەجێکراوە و ئەو حاڵەتانەش بە ھیچ شیوەیەک لەو تاوانە گەورانە نەبوون وەک تیرۆریستانی داعش بن یاخود تەقاندنەوە و یاخود کردەی تیروریستی تر ئەوانە تاوانی کوشتنێکی دڕندانەی بووە".
ناوبراو سەبارەت بەو کەسانەی کە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و ئەو کەیسانەی کە ھیشتا لە دادگاکانن و بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە گوتی: "زیاتر لە ٣٠٠ کەس بڕیارەکەیان بەتەواوی بەسەریاندا سەپێنراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە و لە گرتووخانەکاندان و بە سەدان کەیسی دیکە ماون کە ھێشتا بڕیاری کۆتاییان بەسەردا نەدراوە ".