Heman Hussein Yaseen
18 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2019
ههولێر - AA
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێکرد و بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەش بریتییە لە بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای ماددەھۆشبەرەکان و کارتێکارە عەقڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان و بەھۆی ھەستیاری بابەتەکە، کۆبوونەوەی پەرلەمان بە داخراوی بەڕێوەدەچێت.
رۆژی دووشەممەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بەھۆی کەمیی کاتەوە نەیتوانی تەواوی کارنامەکە جێبەجێ بکات بەھۆی ئەوەی پڕۆژەیاسای ماددە ھۆشبەرەکان لە ٥٢ بڕگە پێکھاتووە، بۆیە نەتوانرا خوێندنەوەی دووەم بۆ تەواوی بڕگەکان بکرێت.
بەپێی پڕۆژەیاساکە سەنتەری راوێژکاری و چارەسەری تووشبوان بە ماددە ھۆشبەرەکان لە تەواوی شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، ھەرکەسێکیش چارەسەر وەرنەگرێت سزا دەدرێت و سزاکانیش قورستر دەبن، ھەروەھا ھەرکەسێک زانیاری لەبارەی بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر بە دامودەزگا ئەمنییەکانی حکوومەت بدات خەڵات دەکرێت.