Zana Natık Kerem
03 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 05 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
لە دوو کردەوهی تیرۆریستییدا، دوو تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگای نەینەوا کرانە ئامانج.
كۆمپانیای گواستنهوهی وزهی كارهبا له باكوور سهربه حكوومهتی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە شەوی رابردوو، لهرێگهی تەقاندنەوەی سێ بۆمبی چێنراو لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە، سێ تاوەری گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگای نەینەوا کراونەتە ئامانج و بەھۆیەوە زیان بەر تاوەرکان کەوتووە.
لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی خۆجێی لە پارێزگای کەرکووک بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووه، به ھۆکارێکی نەزانراو، ھێڵی کارەبای مەلا عەبدوڵڵا سەربە قەزای دووبز، باکووری رۆژئاوای پارێزگاکە پچڕاوە.
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رەوشی کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە.
چەند رۆژێک لەومەبەر بەھۆی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی کە لە سەرانسەری عێراق بەھۆی نەبوونی کارەباوە ئەنجامدراون، وەزیری کارەبای ئەو وڵاتە، ماجد حەنتوش نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردبوو، و لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی-یەوە دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرابوو.
لەئێستادا عێراق، ١٩ ھەزار مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە ٣٠ ھەزار مێگاوات کارەبا ھەیە.
ساڵانێکی زۆرە، ھاووڵاتییانی عێراق دژ بە بەردەوامی بڕینی تەزووی کارەبا ناڕەزایەتیی دەردەبڕن بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا کە زۆرجار پلەکانی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠ پلەی سەدیی.
پارساڵ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، لە ساڵی ٢٠٠٥وە، ٨١ ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بێ ئەوەی رەوشی کارەبا باش بکرێت.