Zana Natık Kerem
03 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق، دژ بە خراپی رەوشی کارەبا، خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە کە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیی لە بەردەم وێستگەی کارەبای ناسرییە لە پارێزگای زیقار خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و لە میانیدا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە بەرامبەر خراپی رەوشی کەرەبا.
ئاماژەیان بەوەشداوە کە لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، خۆپیشاندەران داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە کە رەوشی کارەبا لە پارێزگای کارەبا باش بکەن.
ئەمەیش لە کاتێکدایە کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، رەوشی کارەبا لە پارێزگاکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە.
چەند رۆژێک لەومەبەر بەھۆی ئەو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەی کە لە سەرانسەری عێراق بەھۆی نەبوونی کارەباوە ئەنجامدراون، وەزیری کارەبای ئەو وڵاتە، ماجد حەنتوش نامەی دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش کردبوو، و لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی-یەوە دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەندکرابوو.
لەئێستادا عێراق، ١٩ ھەزار مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان، دامەزراوە حکوومییەکان و کارگەکان پێویستی بە ٣٠ ھەزار مێگاوات کارەبا ھەیە.
ساڵانێکی زۆرە، ھاووڵاتییانی عێراق دژ بە بەردەوامی بڕینی تەزووی کارەبا ناڕەزایەتیی دەردەبڕن بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا کە زۆرجار پلەکانی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠ پلەی سەدیی.
پارساڵ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەربە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندبوو، لە ساڵی ٢٠٠٥وە، ٨١ ملیار دۆلار بۆ کەرتی کارەبا خەرجکراوە، بێ ئەوەی رەوشی کارەبا باش بکرێت.