مەسعود بارزانی: "ھەتا ئەو عەقلیەتە شۆڤێنییە مابێت، عێراق ھیچ کات ناحەسێتەوە"
مەسعود بارزانی ڕایگەیاند: "٤٢ ساڵ بەر لە ئێستا، ڕژێمی پێشووی عێراق ھەشت ھەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی تەمەنی نۆ ساڵ ھەتا پیرەمێردی نەوەد ساڵانی بەزۆر ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کردن و لەوێ دڕندانە کۆمەڵکوژی کردن".

Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی ڕایگەیاند: "ئەنفالی بادینان بەشێک لەو تاوانانە بوو کە بەسەر ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا ھاتووە".
مەسعود بارزانی لە یادی ٤٢ ساڵەی ئەنفالی بادیناندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ھاتووە: "لە درێژایی ساڵدا کەم ڕۆژ ھەن یادی کارەسات و تاوان و زوڵمێک نەبێت کە لە لایەن حکوومەتەکانی عێراق دەرھەق گەلی کوردستان نەکرابێت، ٤٢ ساڵ بەر لە ئێستا، ئەمڕۆ ڕژێمی پێشووی عێراق ھەشت ھەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە تا پیرەمێردی نەوەد ساڵانەی بەزۆر ڕاپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کردن و لەوێ دڕندانە کۆمەڵکوژی کردن. ئەو تاوانە بەشێک لەو تاوانانە بوو کە بەسەر ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا ھاتووە، ھەر لە بێسەروشوێنکردنی دوازدەھەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و بادینان و، کیمیانبارانکردنی ھەڵەبجە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان ھەتا تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆری ھاووڵاتییانی کورد".
بارزانی ڕاشیگەیاندووە: "ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەکانی تر بوو عەقلیەتی شۆڤینی و نکۆڵیکاری بوو کە بۆ ھەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەھامەتی و دواکەوتن. بە داخەوە ھێشتا ھەندێک کەس ھەن کە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و ھەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەکەن. دەبێت ھەموو لایەک بزانن ھەتا ئەو عەقلیەتە مابێت، عێراق ھیچ کات ناحەسێتەوە".
ئاماژەی بەوەشداوە: "لە یادی ئەنفالی بارزانییەکاندا سوپاسی جەماوەری دەشتی ھەولێر و ھەریر و سۆران دەکەم کە لەم ڕۆژە سەختانەدا ھاوسۆزی بارزانییەکان بوون و یارمەتییان داون، پێزانینم بۆ خۆڕاگریی کەسوکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە ھەیە کە ساڵانێکی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە".