عێراق

ڤیان دەخیل: "بۆ دۆسییەی ئێزدییەکان هەڵوێستی هەموو وڵاتان لە حکوومەتی عێڕاق باشتر بوو"

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، ڤیان دەخیل: "لە کاتێکدا نزیکەی ١٥ وڵات دانی بە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان نا، بەڵام عێڕاق تا ئێستا دانی پێدانەناوە".

Heman Hussein Yaseen  | 02.08.2025 - نوێکردنەوە : 05.08.2025
ڤیان دەخیل: "بۆ دۆسییەی ئێزدییەکان هەڵوێستی هەموو وڵاتان لە حکوومەتی عێڕاق باشتر بوو"

Arbil

هەولێر - AA - هێمن حوسێن

دوای ١١ ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان و خاپوورکردنی موڵک و ماڵی هاووڵاتییان، تا ئێستا دۆخی قەزای شنگال لە ڕووی سەقامگیریی و ئاوەدانییەوە وەک خۆیەتی و بەشێکی زۆر لە دانیشتووانەکەی لەبەر نەبوونی ئاسایش و خزمەتگوزارییەوە، نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و لە ژێر خێوەتی ناو کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق، ڤیان دەخیل لەبارەی دۆخی ئێستای شنگال، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوای ١١ ساڵ کە ئەم کارەساتە بەسەر خەڵکی شنگالدا هات، تا ئێستا دۆخەکە وەک خۆیەتی و تا ئێستاش خەڵکی شنگال ئاوارەن و لە ژێر خێوەتی کەمپەکانن، هەروەها نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ ژن و کچی ئێمە لە دەستی تیرۆریستانی داعشدان و چەندین گۆڕی بە کۆمەڵی ئێزدییەکانیش هەیە، دوای ئازادکردنی شنگالیش لە ٢٠١٥دا، تا ئێستا خانوو، ڕێگاوبان، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان وەک خۆیەتی و نۆژەن نەکراوەتەوە، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ دۆخەکە خراپتر دەبێت".

ڤیان دەخیل جەختیش لەوە دەکاتەوە کە دۆسیەی شنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان نەبووەتە دۆسیەیەکی گرنگی حکوومەتی عێڕاق و لەمبارەیەوە گوتی: "حکوومەتی عێڕاق، دۆسیەی شنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییەکانی نەکردە گرنگیپێدانی کارەکانی خۆی، ئێمە لە پەرلەمانی عێراق کەمپەینێکمان دروستکرد کە شنگال وەک ناوچەیەکی مەنکوب (زیانپێگەیشتوو) هەژمار بکرێت و ئەم کەمپەینە دەنگی لەسەردرا، بێگومان دەبوو دوای ئەوە خەڵک بگەڕێتەوە و سەقامگیریی و ئاسایش هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەوە نەکراوە".

دکتورە ڤیان دەخیل گوتیشی: "دوای ساڵی ٢٠١٥ هێزی زۆری جۆراوجۆر چوونە ناو شنگال، ئەوانە هێزی عێڕاقیش نین و بەهۆیەوە خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی، هەروەها میزانییەک تەرخان نەکراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ئێمە لە پەرلەمانی عێڕاق دەنگمان لەسەر سندوقێکدا، بەناوی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال، بەڵام دەشتی نەینەوا و هەندێک جێگای دیکەیان تێکەڵ بە دۆسیەکە کرد، بێگومان ئێمە دژی ئەوە نەبووین چونکە لەگەڵ قەرەبووی هەموو زیانلێکەوتوویەکین، بەڵام دەمانویست ئەمە بەناوی شنگال بووایە بۆ ئەوەی شتێک بۆ شنگال بکەین".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق ڕەخنەی توند لە حکوومەتی عێڕاق دەگرێت و پێیوایە دەبوو حکوومەتی عێڕاق سەرنجی لەسەر ئەو لایەنانە بووایە کە یارمەتی تیرۆریستانی داعشیان داوە و لەمبارەیەوە گوتی: "دەبوو حکوومەتی عێڕاق تەرکیزی بکردایە سەر دادپەروەریی و بزانێت کێ هۆکاربووە لەم کارەساتە و کێ هاوکاری داعشی کردووە، هەروەها کچ و ژنانی ئێمە لە کوێن، قەرەبووی خەڵک بە کوێ گەیشت. چونکە بە هەزاران کەس لە شنگال تا ئیستاش قەرەبوو نەکراوەتەوە".

٣ی ئاب، ١١ ساڵ بەسەر کارەساتی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان تێپەڕدەبێت، بەڵام بەھۆی دۆخی شنگال و ئەو ناسەقامگیرییەی لە قەزاکەدا ھەیە، خەڵکی شنگال نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە و ئاوارەکان داوا دەکەن دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش پەلاماری قەزای شنگالیاندا و بەھۆیەوە بە ھەزاران ژن و منداڵی ناوچەکەیان ڕفاند و ژمارەیەکی زۆریشیان جینۆساید کرد، ھاوکات لە ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ توانرا شنگال لەدەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکرێت و دواتریش لە ڕۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا ڕێککەوتنێک لە نێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژوو کرا و تا ئێستا ڕێککەوتنەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتننامەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بریتییە لە کشانەوەی گرووپە میلیشیاکان و نەھێشتنی تیرۆریستان لە شنگال بۆ ئەوەی خەڵکی ناوچەکە بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە و لەمبارەیەوە دکتۆرە ڤیان دەخیل گوتی: "ڕێککەوتننامەکە بناغەیەک بوو بۆ چارەسەری کێشەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵک بۆ زێدی خۆی، سێ خاڵی گرنگی لەخۆ دەگرت ئەوانیش، سەقامگیریی و ئاسایش، ئاوەدانکردەوە و قەرەبووکردنەوە، بەڵام ئەوە زیاتر لە چوار ساڵ تێپەڕی و هەندێک لایەنی سیاسیی و ئیقلیمی هەیە کە نایەوێت بەغدا بەم ڕێكکەوتننامەیە پابەند بێت چونکە ڕەنگە ئەوکات ئەوان بەرژەوەندییان لە شنگال نەمینێت بەڵام ئێمە هەر چاوەڕێی جێبەجێکردنەکەی ڕێكکەوتننامەی شنگال دەکەین".

لەبارەی خێزانە ئاوارە گەڕاوەکانیش، ڤیان دەخیل گوتی: "ئێستا ڕێژەی سەدا ٣٥ ی خێزانەکان گەڕاونەتەوە شنگال، بەڵام ئێستا کێشەیەکی دیکە هەیە، ئەویش بەشێک لەوانە دووبارە ئاوارە دەبنەوە، بۆ نموونە حکوومەتی عێراق گوتی ئەوەی بگەڕێتەوە چوار ملیۆن دیناری وەک قەرەبوو پێ دەدرێت و خەڵکێک لەسەر ئەو بنەمایە گەڕاوە شنگال لە کاتێکدا خانووەکەی تەواو خاپوور بووە و چاوەڕوانە بەو قەرەبووە لانیکەم خانووەکەی نۆژەن بکاتەوە بەڵام تا ئێستاش حکوومەت بەشێک لەو قەرەبووەی پێ نەداون و ناچار گەڕاونەتەوە ژێر کەمپەکانی سنووری هەرێمی کوردستان".

ڤیان دەخیل گوتیشی: "لە هەر جێگایەک چەند هێزێکی چەکداریی جیاوازی تێدابێت ئەوا کێشە دروست دەبێت وەک شنگال، چونکە نازانرێت ئەم هێزانە سەر بە کێن و بەشێکیان لە دەرەوەی عێڕاق هاتوون، ڕوون نیە کێ فەرمان دەداتە ئەم هێزانە، ئەمە یەکێکە لە کێشە گەورەکان، بۆیە خەڵکی شنگال کاتێک دەچنەوە، ئەو هێزانە دەبنە مەترسی بۆسەر ژیانیان بۆیە ناتوانن لەوێ بمێننەوە".

لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کەوتنە دەست تیرۆریستانی داعش و ژمارەی ئەوانەیشی کە ڕزگارکراون، ڤیان دەخیل گوتی: "ئەوانەی کەوتنە دەست داعش، شەش هەزار و ٧٢٠ کەس بوون، ئەوانەی ڕزگارکراون نزیکەی سێ هەزار و ٥٧١ کەس ڕزگارکراون و ئەوانی دیکە ماون، ئێستا چەند دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ڕزگاربووانی دیکە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستی وڵاتان لە هەڵوێستی حکوومەتی عێڕاق باشتر بوو لەبارەی دۆسیەی شنگال و لەمبارەیەوە گوتی: "هەڵوێستی هەموو وڵاتان لە حکوومەتی عێراق باشتر بوو، وڵاتان هاوکارییان نارد و بەرنامەی شیاندنەوەیان پێدان و ئەوانەی لە ناو کەمپەکان کاریان دەکرد هەمووی لە دەرەوە هاتبوون، بەڵام ئێزدییەکان هاووڵاتیی ئەم وڵاتەن و پێویستە ئەم وڵاتە قەرەبوویان بکاتەوە، لە کاتێکدا نزیکەی ١٥ وڵات دانی بە جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان نا، بەڵام عێڕاق تا ئێستا دانی پێدانەناوە".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın