Fahrettin İbrahim
17 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 17 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تازەی بریتانیا لە عێراق ستیفن هیكی و شاندێكی یاوەری كرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە رایگەیاندووە، لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی باڵیۆزی تازەی بریتانیا لە عێراق كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
بەپێی ئەم هەواڵە، هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و كێشە و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و داوكاریی خۆپێشاندەران و هەروەها نیگەرانییەكان لەبارەی سەرهەڵدانی بۆشایی ئیداری و سیاسی تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی خوازیاری ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و یەكگرتوو بێت.
ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سووریا و مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش تەوەری تری ئەو دانیشتنە بوون.