مەسرور بارزانی: "ھەوڵی زۆرمان داوە لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران"
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە پابەندن بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی و مافە یاساییەکان، ھەروەھا باشترکردنی ھەلومەرجەکانی کارکردنیان.

Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە ھەوڵی زۆریان داوە لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و ئاماژەی بەوەشدا پابەندن بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی و مافە یاساییەکان، ھەروەھا باشترکردنی ھەلومەرجەکانی کارکردنیان.
مەسرور بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی کرێکارانەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئەم ڕۆژەی لە گشت کرێکارانی پیرۆز کرد.
ڕاشیگەیاندووە: "ڕێز و پێزانینێکی زۆرم بۆ ماندووبوون و ئەرک و بەشداریی کارای کرێکاران لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە".
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە: "حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، ھەوڵی زۆری داوە و کاری کردووە لەپێناو باشترکردنی دۆخی ژیانی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان، لەم ڕووەشەوە، پابەندبوونی خۆمان بە داکۆکیکردن و دابینکردنی مافەکانی کرێکاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی و مافە یاساییەکان و باشترکردنی ھەلومەرجەکانی کارکردنیان دووپات دەکەینەوە".