Sarmand Hameed
29 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتی کۆماری چینی میللی لە هەرێمی کوردستان، نی روچی کرد .
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و چین کرا و کۆنسوڵی گشتی چینی میللی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە وڵاتەکەی بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و هانی کۆمپانیا چینییەکانیش دەدات لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن. گوتیشی بەمزووانە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر دەکرێتەوە و بەشی زمانی کوردیش لە زانکۆی بێژینگ دەکرێتەوە.
نی روچی جەختی لەوە کردەوە کە لەو پرۆژە ستراتیجییانەی کە لە ئەنجامی سەردانی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی بۆ چین رێککەوتنی لە بارەوە کرا ، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی گرنگیدانی وڵاتی چینی بە هەرێمی کوردستان کرد لە پێناو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نیوان هەردوولا.