Hemn Baban
30 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2019
ھەولێر-AA
نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی یۆنان لە عێراق تاوتوێی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان-یان کرد.
ئەمڕۆ شەممە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی یۆنان لە عێراق کرد و باسی چەند پرسێکییان کرد لەنێویاندا سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان.
لەوبارەیەوە بەپێی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پەیوەندییەکان و کەشی ئەرێنیی نێوان ھەولێر و بەغدای بە زەمینە و دەرفەتێکی باش بۆ وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق لە قەڵەم داوە و ئامادەییی ھەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرھێنەران و سەرمایەگوزاریی کەرتی تایبەتی یۆنانی لە ھەرێمی کورستان نیشان داوە، ھەروەھا رۆڵی کەرتی تایبەتی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان بە گرنگ زانی.
لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ یۆنیدۆس کۆنتۆڤۆنیسیۆس باڵیۆزی یۆنان لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر خواستی ھەرێمی کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یۆنان کردەوە و سوپاسی کۆنسولخانەی گشتیی یۆنانی لە ھەولێر کرد کە رۆڵێکی دیاری لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکاندا ھەیە.
لای خۆیەوە باڵیۆزی یۆنانیش ھەمان خواستی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا سەردانی چاوەڕوانکراوی وەزیری دەرەوەی یۆنانی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بە یاوەریی شاندێکی ئابووری و بازرگانی، گرنگیی بوونی گەشتیی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان ھەولێر و ئەسینا، پەیوەندی و گفتوگۆکانی ھەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دۆخی عێراق و ناوچەکەیان بەگشتی تاوتوێ کرد.