Heman Hussein Yaseen
01 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2019
هەولێر - AA
بە چاودێری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، زانکۆی کتاب کۆنفڕانسێکی لەژێر ناونیشانی (ئافرەت و جەنگ و دروستکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) لە شاری هەولێر ئەنجامدا کە تیایدا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد و ژمارەیەک لە بەرپرسان ئامادەیبوون، هاوکات ژمارەیەک لە زانکۆکانی وڵاتان بەشداربوون و لەم کۆنفڕانسە کۆمەڵێک توێژینەوە دەخرێنەڕوو، بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت و دواتر راسپاردەکانی کۆتایی کۆنفڕانسەکە ئاراستەی لایەنی پەیوەنددار دەکرێت.

ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری زانکۆی کتاب، دکتۆر مستەفا زەنگەنە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم کۆنفڕانسەدا، ١٣ وڵات بەشدارن و تایبەتە بە چۆنیەتی دەستەبەرکردنی ئاشتی لەکاتی ململانێ و جەنگدا، هەروەها شەڕ کاریگەری لەسەر ئافرەت چییە لە رووی دەروونی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە، بۆیە ئەمانە هەمووی کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیانی مرۆڤ بەگشتی و ئافرەت بە تایبەتی هەیە و کۆمەڵێک توێژینەوە دەخرێتەڕوو بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت".
سەبارەت بە راسپاردەکانی کۆتایی کۆنفڕانسەکە، مستەفا زەنگەنە گوتی: "لە کۆتاییدا هەندێک راسپاردە دەبن، ئەو راسپاردانە دەنێرین بۆ لایەنی پەیوەندیدار و بۆ وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، داد، دارایی، خوێندنی باڵا و پەروەردە و هەموو ئەوانەی کە پەیوەندیدارن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت".

شاندێکی باڵای تورکیا بەشداری کۆنفڕانسەکە بوون و سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی، ئۆرهان حیکمەت عەزیزئۆغڵو گوتی: "ئەمڕۆ کۆنفڕانێسکی نێودەوڵەتی سازکرا، ئێمە وەکو شاندی باڵای تورکیا بەشداریمان کرد چونکە تورکیا لەم جوگرافیایەدا بە هۆی شەڕە ناوخۆییەکانی وڵاتان گەورەترین باجی داوە و لە وڵاتەکەمان، پێنج ملیۆن پەنابەری سووریا دەمێننەوە، هەموو ساڵێک لە تورکیا ١٥٠ تا ٢٠٠ هەزار منداڵی پەنابەرانی سووریا لەدایک دەبن، نەوەک تەنها سووریاییەکان بەڵکو ئەفغانستانی، پاکستانی، یەمەنی و لیبیایی لە وڵاتەکەمان دەژین لە زۆرێک لە شوێنەکانی جیهان مرۆڤەکان پەنا بۆ تورکیا دەبەن بۆچی؟ بە هۆی شەڕی نەگریسی ئیمپریالیزمەوە".
عەزیزئۆغڵو گوتیشی: "پێویستە تاوتوێی کێشەکانی خۆمان بکەین واتا تورک، کورد و عەرەب، عەجەم، شیعە و سوننە بە یەکەوە کۆببینەوە چارەسەر بۆ کێشەکانمان بدۆزینەوە".