Abdulhameed Husseın Karam
06 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەمیانی پێشوازیکردنی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق برۆنۆ ئوبێرت رایگەیاند، پشتیوانی لە حکوومەتێک دەکەن کە پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور و ئەو لەیەکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھاتوونەتە ئاراوە.
ماڵپەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق برۆنۆ ئوبێرت و لە دیدارێکدا، گفتوگۆ کراوە دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگیی ھێوربوونەوە و سەقامگیربوونی دۆخی ئێستای عێراق و ئاماژەی بەوەیشداوە کە پشتیوانی لە حکوومەتێک دەکەن کە پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور و ئەو لەیەکتێگەیشتنانەی لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ھاتوونەتە ئاراوە.
لای خۆیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە، بەتایبەتیش گرنگیی پشتیوانیکردنی سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ھەڕەشەکانی داعش.