عێراق

مەسرور بارزانی: "ئی پسوولە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە و وەچەرخانێكە لە گەیاندنی كارە خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتییان"

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لە میانی ڕاگەیاندنی، پڕۆژەی ئی پسوولە ڕاگەیاند ئی پسوولە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە و وەچەرخانێکە لە گەیاندنی کارە خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتییان.

Zana Natık Kerem  | 10.02.2026 - نوێکردنەوە : 11.02.2026
مەسرور بارزانی: "ئی پسوولە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە و وەچەرخانێكە لە گەیاندنی كارە خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتییان"

Arbil

ھەولێر ــ AA

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، پڕۆژەی ئی پسوولە پرۆژەیەکی زۆر گرنگە و وەچەرخانێکە لە گەیاندنی کارە خزمەتگوزارییەکان بە ھاووڵاتییان.

ئەمڕۆ سێشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق،عەلی عەللاق و ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرھێنەران، خاوەنکاران، بەڕێوەبەر و نوێنەرانی بانکەکان لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، پڕۆژەی ئی پسوولە https://epsule.gov.krd/ ڕاگەیاندرا.

سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پانێلێکی تایبەتدا، باسی لە وردەکاریی وگرنگیی پڕۆژەکە کرد وەک ماڵپەڕێکی تایبەت بە پارەدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی حکوومەتی ھەرێم و گوتی: "ڕاگەیاندنی پرۆژەی ئی پسوولە، دەستکەوتێکی گەورەی نیشتمانییە بۆ ھەموو خەڵکی ھەرێمى کوردستان و دەستپێکێکیشە بۆ ئەوەی ھەموو خەڵکی عێراق بتوانێت سوود لەم ئەزموونە وەربگرێت، ئامانجی سەرەکیی لەم پرۆژەیە و لە پرۆژەکانی ھاوشێوەی پێشووتریش ئەوەیە کە ئێمە بتوانین زیاتر خزمەتی ھاووڵاتییان بکەین و ئاسانکاریی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان بکەین، بەڵام ئەمە بە قسەکردن لەوانەیە ئاسان بێت، بەڵام کارێکی یەکجار زۆری دەوێت".

گوتیشى: "لە سەرەتاوە ئەم ژێرخانە پێویستیی بەوەیە کە تۆ چۆن بتوانیت ھەموو ھاووڵاتییەک بەشدار پێ بکەیت، ھەنگاوی یەکەمی ئێمە ئەوە بووە کە ھەر ھاووڵاتییەک بتوانێت خاوەنی ھەژماری بانکیی خۆی بێت، لە سەرەتاوە کە (ھەژماری من) وەک پرۆژەیەک پێشنیار کرا، تەنیا بۆ پێدانی مووچە نەبووە، بەڵکو دروستکردنی ئەو پەیوەندییە بووە لە نێوان ھاووڵاتی لەگەڵ حکوومەت، ھاووڵاتی لەگەڵ سێکتەری بانکی، ھاووڵاتی لەگەڵ ھاووڵاتی لەگەڵ بزنسەکان کە ئەمە ھەمووی زۆر پێویستە تاکو ھاووڵاتی بتوانێت سوودێکی زیاتر لە خزمەتگوزارییە بانکییەکانیش وەربگرێت، لە لایەکی ترەوە بانکەکانیش دەتوانن زۆر زیاتر پارەیان بە دەستەوە بێت بۆ دانەوەی قەرز ئەگەر ھاووڵاتی پێویستی پێ بێت، یانیش بۆ راپەڕاندنی ئەو کارە داراییانەی کە پێویستە بانکەکان پرۆژەکانی خۆیان پێی جێبەجێ بکەن".

باسی لەوەش کرد کە خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەموو ھاووڵاتیانە بەبێ جیاوازیی جوگرافی لە ھەر شارێک و لە ھەر ناوچەیەک بێت، و گوتی: "بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم و دیجیتاڵی، دەکرێت ھاووڵاتییان ئاسانتر دەتوانن پارەی خۆیان بە حکوومەت بدەن و داھاتوویەکی نزیکیشدا ئارەزوومان ئەوەیە کە بتوانین پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان بزنسەکان و ھاووڵاتی دروست بکەین کە چیتر مەجبوور نەبن نەک تەنھا لەگەڵ حکوومەت، بەڵکو لەگەڵ یەکتریش سوود لە سیستەمی دیجیتاڵی و ئەم سێکتەرە بانکییە وەربگرن".

ڕاشیگەیاند: "ئەم پرۆژە گرنگە کە پێموایە وەچەرخانێکە و زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەیاندنی کارە خزمەتگوزارییەکان بۆ ھاووڵاتی، لە لایەکەوە ھاووڵاتی بتوانێت بە ڕێگەی ئەم سیستەمە پێشکەوتوانە مووچەی خۆی وەربگرێت و لە لایەکی ترەوە بتوانێت ئەو پارەیەی کە دەکەوێتە سەر ھاووڵاتی بۆ کارە خزمەتگوزارییەکان بداتەوە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە کە بەرنامەی داھاتوومان، تەنھا فەرمانبەری حکوومەت ناگرێتەوە، ھەموو ھاووڵاتییەک لە کەرتی تایبەتیش سوودمەند دەبێت و پێویستە بە شێوازێکی دیجیتاڵی ئەم کارە بازرگانییانە بکات کە تێکەڵبوونی دارایی و مالی و بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتدا ھەمووی وەک پاکێجێک ئێمە دەیبینین".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın