Zana Natık Kerem
01 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر کە رەوتەکەی لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە داوای کرد کە حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیی پێکبھێنرێت، ئەوەیش بە ئامانجی ئەنجامدانی چاکسازیی لە وڵاتدا.
موقتەدا سەدر لە تویتێکدا نووسیوویەتی "وای دەبینم یەکەم کار کە پێویستە لە داھاتوودا بۆ نیشتمان ئەنجام بدرێت، پێکھێنانی حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانییە".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوو بەرە ھەبێت کە یەکەمیان پاڵپشتی لە حکوومەتی بکات بۆ ئەوەی چاکسازیی لە ھەموو ئاستەکاندا ئەنجام بدات و دووەمیش بەرەی ئۆپۆزسیۆنە کە گرنگە راوێژکاربن لەگەڵ بەرەی پاڵپشتیکار لە حکوومەت، بێ ئەوەی پەراوێز بخرێن، بەڵام دەبێت ئەوەیش لە چوارچێوەی بنەمای دیموکراتییدا بێت.
لە ساڵی ٢٠٠٥وە حەوت حکوومەت لە عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت لە نێوان سوننە، شیعە و کورد پێکھێنراون.
بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.
ھەروەھا ھاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٨ کورسی و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٤ کورسی و ھاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری ١٦ کورسی بەدەستھێناوە.