سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای سازکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی کرد بۆ رێککەوتنی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند کە ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراق، ھاتووەتە پێش.
مستەفا کازمی بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی سەردانەکەی پاپای کڵێسای کاسۆلیکی، پاپا فرەنسیس بۆ عێراق گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە "پاپا فرەنسیس بەڕێزەوە لە عێراقەوە بەرەو ڤاتیکان خوداحافیزی لێکرا و گوتی:
"سەردانەکەی قەداسەتی پاپا، بووە ھۆی بەرجەستەبوونی خاڵێکی رۆشنایی لە جەوھەری خۆشەویشتی و راستگۆیی گەلەمان کە باوەڕی بە بەھاکانی دادەپەروەریی و ئاشتیی ھەیە".
مستەفا کازمی گوتیشی: "پەیامەکەی قەداسەتی پاپا لە عێراق، گەیشتە ھەموو جیھان کە ئەو بە دڵێکی پڕ لە ئومێدەوە چووە ژمارەیەک شاری عێراق، جگە لەوەیش گەلەمەکان پەیامی مێژوویی و شارستانییەتی خۆی گەیاندە ھەموو گەلانی جیھان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی هەروەها گوتی: "شەش ھەزار ساڵە بە تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەژین کە تا ئێستاش بەردەوامە و دەستی یەکتر دەگرین، ھەروەک چۆن دەستەکانی پاپا فرانسیس و سەماحەتی سیستانی گەیشتە یەکتر، بەغدا پەیامی ئاشتیی و مرۆڤایەتییە و تاجی لێبووردەییە و کانگای ئازادیی و بیروڕایە".
مستەفا کازمی داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە ناکۆکییەکانی نێوانیان، تێپەڕێنن و رایگەیاند کە ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی عێراق، ھاتووەتە پێش و گوتی:
"وێرای ھەموو ئاستەنگ و بەرەنگارییەکان، بەڵام ئەمڕۆ دەرفەتێکی راستەقینە ھاتووەتە بەردەم عێراق بۆ گێرانەوەی رۆڵی گەورەی خۆی لە ناوچەکە و جیھاندا، ئێمە وەکو حکوومەت بە ئیرادەی گەلەمەمان پێداگیرانە ھەوڵ بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری، ئاشتیی و ئاوەدانکردنەوە دەدەین".
مستەفا کازمی گوتیشی: "لەسەر بنەمای ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییەی کە لەسەر شانمانە و لە کەشێکی خۆشەوێستی و لێبۆردەییدا کە بەھۆی سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق پتەوتر بووە، ئەمڕۆ داوای سازکردنی گفتوگۆی نیشتمانیی دەکەم بۆ ئەوەی ببێتە مایەی بەدیھێنانی خواستی گەلەکەمان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی گوتەکەیدا داوای لە سەرجەم ھێزە سیاسییەکان، گەنجان و دەنگە ناڕازیییەکان کرد لەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنشین و بەرپرسانە گفتوگۆ بکەن و بەرپرس بن لەبەرامبەر گەل و مێژوودا و گوتی:
"داوا لە ھێزە سیاسییەکان و پارتەکان دەکەم کە بەرژەوەندیی نیشتمان بخانە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە و ناکۆکییەکانیان وەلاوەنێین و دوور بکەونەوە لە زمانی توندوتیژیی و بەشداربن لە سەرخستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەوەی گەل ئومێد و متمانەی بە دەوڵەت و سیستەمی دیموکراتی بمێنێت".
مستەفا کازمی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە گرژیی رەوشەکە لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە و ئاماژەی بەوەیشدا کە پێویستە کاتی تەواو لە پێناو ئاوەدانکردنەوە و دەستەبەرکردنی پاک و بێگەردی لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بە حکوومەت بدرێت و گوتی:
"برایانم لە ئۆپۆزسیۆن، بەھەموو راستگۆییەک داواتان لێ دەکەم گفتوگۆیەکی کراو و روون لەگەڵ حکوومەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی و ئاسایش و سەروەریی وڵات ساز بکەن و پاڵپشتیی لە دەوڵەت بکەن تا یاسا سەروەر بێت".
مستەفا کازمی لە بەشێکی گوتارەکەیدا پەیامێکی ئاراستەی گەنجانی عێراق کرد و رایگەیاند "دەزانم ئێوە کێشەی زۆر و خواستی زۆرتان ھەیە، بەڵام لە پێناو عێراق دەبێت یەکبگرین، چونکە حکوومەت پێویستی بە کاتە بۆ پاراستنی عێراق".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی کشانەوەی ھێزە بیانییەکان لە عێراق گوتی: "لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتجییدا، حکوومەتی عێراق لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش ئامادەکاریی کردووە بۆ دۆزینەوەی ژینگەیەکی گونجاو بە ئامانجی کشانەوەی ھەموو ھێزە بیانییەکان لە عێراق، بەڵام ئەوە بە رێککەوتن دەبێت لە پێناو پاراستن و بەرژەوەندی ھاوپەیمانیمان لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش".
مستەفا کازمی سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش گوتی: "داوای سازکردنی گتفتوگۆیەکی نیشتمانیی دەکەم لەسەر ھەموو ئاستەکاندا بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی نێوان حکوومەتی ناوەندیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت و کێشە کەڵەکەبووەکان بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکات".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران، ھەوڵی باشترکردنی پەیوەندییەکانی عێراقی لەگەڵ وڵاتانی جیھان داوە و گوتی:
"ھەنگاوی باشمان لەوبارەوە ناوە و سەردانەکەی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق بەشێک بوو لەو سەرکەوتنانەمان".
مستەفا کازمی گوتیشی: "لەئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە ھەنگاوەکانی چاکسازیی ئابووریی لە عێراق دەکرێت، ئەوەیش دوای ئەوەی بەسەر قەیرانی ئابوورییدا سەرکەوتین".
مستەفا کازمی سووربوونی عێراقی دووپاتکردەوە لەوەی عێراق ببێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی دەرەکیی و گوتی:
"عێراق ئەمڕۆ ئامادەیی تەواوی ھەیە بۆ ئەوی رۆڵی کارای خۆی لە ھیۆرکردنەوەی رەوشەکە و چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ناوچەکە بگێرێت، دەبێت ھەمووان ھاوبەشی یەکتربین لە گەشەپێدان نەوەک خاڵی ناکۆکیی و ململانێیەکان".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سوپاسی ھەموو ئەو لایەنانەی کرد کە لەسەرخستنی سەردانەکەی پاپا فرەنسیس بۆ عێراق بەشداربوون و گوتی:
"سوپاسی قەداسەتی پاپا دەکەین کە نزای لێبوردەیی و ئاشتیی بۆ گەلی عێراق کردبوو".