عێراق, کۆڤید- ١٩

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرت

سامان بەرزنجی: "بۆ دڵنیابوونی ھاووڵاتییان و گەیاندنی پەیامی سەلامەتی، ئەمڕۆ لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە بەشداربووین، لە ھەمانکاتدا ئەمە ھاندانی کارمەندانی تەندروستیشە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە چونکە لە ھێڵی پێشەوەن و دەمانەوێت سەلامەتییان پارێزراوبێت"

Heman Hussein Yaseen  | 08.03.2021 - نوێکردنەوە : 09.03.2021
وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرت

Arbil

هەولێر - AA

دوای گەیشتنی کاروانی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر، دلۆڤان محەمەد فاتیح جەلال لە سەنتەری پێدانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ڤاکسینەکەیان وەرگرت و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییشدا وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە وەرگرتنی ڤاکسینەکە پەیامێکی دڵنیایی بووە و لە ھەمانکاتدا ھاندان بووە بۆ کارمەندانی تەندروستی بۆ ئەوەی ئەوانەی لە ھێڵی پێشەوەی کارکردنن لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا، بتوانن ڤاکسینەکە وەرگرن.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: "سەرەتا بەبۆنەی رۆژی جیھانی ئافرەتان، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئافرەتان و ئافرەتانی بەشداربوو لە دامودەزگاکانی تەندروستی دەکەم کە رۆڵێکی بەرچاویان ھەیە بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و خوشک و دایکێکی میھرەبانن بۆ نەخۆشەکان".

سامان بەرزنجی گوتیشی: "بە شانازییەوە بەشداربووین لە وەرگرتنی ڤاکسین لە ھەرێمی کوردستان لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا، ئەم ڤاکیسنە ھەم بە ژمارە و ھەم بە رێژە ئەوە نەبوو کە بەشی ھەموو خەڵک بکات، بۆیە بەپێی رێنماییەک کە ھەفتەی رابردوو بڵاومان کردووەتەوە، ھێڵی پێشەوە، کارمەندانی تەندروستین و دڵی ئێمەش لەلای ئەوانەیە کە راستەوخۆ لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا کار دەکەن، لەلایەکی دیکەوەشەوە بۆ رەتکردنەوەی ھەر پەیامێک بوو کە گوایا ئەم ڤاکیسنە خراپ بێت، یان پرسیاری ئەوە ھەبوو کە بۆچی بەرپرسان بەکاریان نەھێناوە، بۆیە بۆ دڵنیابوونی ھاووڵاتییان و گەیاندنی پەیامی سەلامەتی، ئەمڕۆ لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە بەشداربووین لە ھەمانکاتدا ئەمە ھاندانی کارمەندانی تەندروستیشە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە چونکە لە ھێڵی پێشەوەن و دەمانەوێت سەلامەتییان پارێزراوبێت".

وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایشی کرد کە ھەفتەی داھاتوو کاروانێکی دیکەی ڤاکسینەکە لە بەغداوە دەگاتە ھەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە گوتی: "بڕیار وایە ھەفتەی داھاتوو، واتا ١٥ی مانگ کاروانێکی دیکەی ڤاکسین بگاتە ھەرێمی کوردستان کە بە بڕی ١٨٧ ھەزار ژەم مەزەندە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت ئەو پەیامە بگەیەنم کە رێکارەکانی خۆپارێزی شل نەکەینەوە چونکە رۆژ بە رۆژ ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت".

سامان بەرزنجی لەبارەی ئامارەکانی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا گوتی: "لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٤٤ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و چوار ‌حاڵەتی گیانلەدەستدانیش ھەبووە کە زۆرینەیان زنجیرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنان و دەبێت بەستانی ماسک بە گرنگرتین رێکارەکان دابنێین".

رۆژی دووی ئادار، یەکەمین کاروانی ڤاکسینی کۆمپانیای سینۆفارمی چینی گەیشتە ھەرێمی کوردستان کە بڕەکەی پێنج ھەزار ڤاکسین بوو، لەکاتی وەرگرتنی کاروانەکەش، وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی رایگەیاند کە ئەم ڤاکسینەش لەسەر بنەمای رێنماییە زانستییەکان دەدرێت بە کەسەکان و دابەشبوونەکەش بۆ بەکارھێنان دەبێت لەسەر تیمی پزیشکیی و کارمەندانی تەندروستیی و ھەموو ئەوانەی کە لە سەنتەرەکانی کۆرۆنا کاردەکەن و لە ھێڵی ھەرە پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەن و کارکردنیان لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، ئەمانە لە ریزی پێشەوەی ترسناکیدان بۆیە لە یەکەمین قۆناغدا ئەمان ڤاکسین وەردەگرن، بەڵام بەدڵنیایی لە داھاتوودا ئەولەویەت بۆ گرووپەکانی دیکەی مەترسیداریش دەبێت کە تەمەن تیایدا دیاریکراوە و جۆری کەسەکان تیایدا دیاریکراوە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان تیایدا دیاریکراوە و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا تیایدا دیاریکراوە، ئەم بابەتەش وردەکاری زۆری تیادا ھەیە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın