Zana Natık Kerem
08 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند کە ئافرەتانی کوردستان، ھەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
مەسرور بارزانی بەبۆنەی یادی ھەشتی مارس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاندووە "لە یادی ھەشتی مارس، رۆژی جیھانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیھان دەکەم. بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتییدا".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا باسی لەوەکردووە کە بەشداریی ئافرەتانی کوردستان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، ھەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان.
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە رووبەڕووبوونەوەی ھەر جیاکارییەکی رەگەزیی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە".
مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیەدا دووپاتیکردووەتەوە کە "پشتیوانیی لە رۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگا و دامەزراوەکانی حکوومەتدا لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتیی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی توندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا".