Zana Natık Kerem
29 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندورستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاند كە بەهۆی هاتنی ورزەی پاییز و زستانەوە، عێراق رووبەڕووی قۆناغێكی نوێ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) دەبێتەوە و ئاماژەی بەوەیش دەكات كە مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق بەرێژەی سێ لەسەدا كەمبووەتەوە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گشتیی لە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ریاز عەبدولئەمیر حلفی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند كە وەزارەتەكەی زۆر پەرەی بە تواناكانی داوە سەبارەت بە دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و گوتی: "لەناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە دەستی هاووڵاتییان دایە ئەوەیش بە پابەندبوون بە رێنماكانی خۆپارێزیی كە گرنگترینیان لە ماڵەوە خۆیان كەرەنتین بكەن و تەنها بۆ كاری پێویست بە ماسكەوە لە ماڵەوە بێنە دەرەوە لەگەڵ بەكارهێنانی ماددەی پاكژكردن و دوور پەرێزیی كۆمەڵایەتیی، ئەمانە هەموو بنەمای گرنگن بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكە، بەڵام بە داخەوە كە هاووڵاتییان پێوەی پابەند نابن".
ریاز عەبدولئەمیر حلفی راشگەیاند كە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ماوەكانی رابردوودا، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ڤایرۆسەكە زۆر بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە و گوتی: "هەر كاتێك ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق، روو لە زیادبوون بكات لە بەرامبەردا رێژەی چاكبوونەوەی توشبووان زیاد دەبێت كە ئەوەیش بۆ باشی سیستەمی تەندروستیی دەگەڕێتەوە".
ریاز عەبدولئەمیر حلفی گوتی: "بەهۆی هاتنی ورزەی پاییز و زستانەوە، رووبەڕووی قۆناغێكی نوێ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبینەوە، جگە لەوەیش مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق بەرێژەی سێ لەسەدا كەمبووەتەوە.
ئەمەیش لە كاتێكدایە بەپێی دوایین ئامارەكان تا ئێستا 223 هەزار و 612 كەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون لەو ژمارەیەش شەش هەزار و 814 كەس بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە و 164 هەزار و 874ی دیكەیش چاكبوونەتەوە.