Heman Hussein Yaseen
05 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لە یاداشتێکدا داوادەکات پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر پەلاماری پەکەکە بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە ساز بکات.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید یاداشتێک ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەکات و داوادەکات پەرلەمان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر پەلامارەکانی تیرۆریستانی پەکەکە سازبکرێت و لیژنەیەکیش بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە پێکبێت.
لە یادداشتەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیدا هاتووە ''پاڵپشت بە بڕگەی یەکەم لە مادەی (٨) و مادەی (١٧)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆک یان سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن داوای کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو. بۆ ئەو مەبەستە داوادەکەین پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەو گرژیی و ئاڵۆزییە ئەمنی و سەربازییەی لەنێوان پێشمەرگە و پەکەکەدا دروست بووە، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات و دواجار بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٤٣) لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی ئەم بابەتە پێکبھێنێت''.
دۆینێ چوارشەممە، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە سنووری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دھۆک بۆمبێکی چێنراویان بە هێزێکی پێشمەرگەدا تەقاندەوە و پەلاماری ھێزەکانی پێشمەرگەیان دا.
لە ئاکامی ئەو کردە تیرۆریستییەی پەکەکەدا، پێشمەرگەیەک شەهید و دووی دیکەش بریندار بوون.