Hawkar Yaseen
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2021
هەولێر - AA
ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بۆ هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوامە و نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونیی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ئەنجام دا.
ئەندامی لیژنەی مەشق و راهێنان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەیسەر یاسین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی پرۆسەکە رایگەیاند "ئەمڕۆ دەستمان کرد بە گرتنەبەری رێوشوێنێکی دیکە بۆ ئامادەکاری هەڵبژاردنەکان، تێستی ئامێرەکانمان کرد و تاقیکردنەوەی ئەزموونییمان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن کرد، پرۆسەکە بەوجۆرەبوو کە بەهەمان شێوەی رۆژی دەنگدان، دەنگدرا و دواتریش هەژماری دەنگەکان کرا و لێکجیاکرانەوە، بە دوو شێوە هەژماری دەنگەکان کرا هەم بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەم بەشێوەی جیاکردنەوەی دەستی، پرۆسەکە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو هیچ کێشە و گرفتێک لە ئامێرەکاندا بەدەر نەکەوت".
ئەیسەر یاسین دەربارەی ئەوەی دەنگدەر بۆ رۆژی دەنگدان پێویستە چی لەگەڵ خۆی بەرێتە بنکەکانی دەنگدان گوتی: "لە رۆژی دەنگداندا هەموو دەنگدەرێک دەبێت کارتی بایۆمەتری ئەلیکترۆنی دەنگدانی پێ بێت یان کارتی کورت خایەنی دەنگدان، بۆ ئەوانەی کارتی بایۆمەتریان پێیە یەک پەنجەمۆریان لێ وەردەگیرێت، بەڵام ئەوانەی کارتی کورت خایەنیان پێ بێت لە هەر ١٠ پەنجەکەیان پەنجەمۆر وەردەگیرێت، جگە لەوە دەبێت بەڵگەنامەیەکی فەرمیشی پێ بێت بۆئەوەی دڵنیابیینەوە لێی کە ئەو کەسە خۆیەتی".
ئەندامی لیژنەی مەشق و راهێنان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، ئەیسەر یاسین دەربارەی جیاوازی هەڵبژاردنەکەش لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی رابردوو گوتی: "جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو کە یەک جۆر کاغەز و لیستی دەنگدان هەبوو، ئەمجارە هەر بازنەیە و کاغەزی دەنگدانی تایبەت بەخۆی هەیە و ژمارەی کاندیدەکانی لەسەر تۆمارکراوە، بۆ نموونە هەولێر کە چوار بازنەی هەڵبژاردنە چوار کارت و کاغەزی دەنگدانی جیاوازی دەبێت".