Heman Hussein Yaseen
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2021
هەولێر - AA
قەزای ئاکرێ بە بەروبوومی ھەنجیر، سماق، برنج و چەندین بەروبوومی دیکە بەناوبانگە و ساڵانەیش لە وەرزە جیاجیاکاندا بەروبوومەکانیان بۆ چەندین ناوچە دەنێرن.
ھەنجیری دەڤەری ئاکرێ بە تام، بۆن و شێوەی لەگەڵ ھەنجیری شوێنەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە، ھەر ئەمەیش وایکردووە دانیشتوانی عێراق و گەشتیارانی بیانی ھەنجیری ئاکرێ لەگەڵ خۆیانداببەنەوە.
شارەدێی بجیل سەربە قەزای ئاکرێ، بەشی زۆری دارھەنجیرەکانی لە جۆری ئەحیا بەگە کە یەکێکە لەجۆرە ھەرە بەناوبانگەکانی ھەنجیر و تام و بۆنێکی تایبەتی ھەیە و لە شێوەیەشدا، بەھۆی تەنکی پەلکەکەیەوە لە جۆرەکانی دیکەی جیادەکرێتەوە.
خاوەنی باخێکی ھەنجیر لە شارەدێی بجیل سەربە قەزای ئاکرێ ئاماژە بەوە دەکات کە وشکەساڵیی کاریگەری لەسەر بەروبوومی هەنجیر کردووە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە ناوچەکەیان بە ھەنجیری جۆری ئەحیابەگ بەناوبانگە و دەڵێت: "ئەمساڵ وشکەساڵیی سەدا ٧٠ی کاریگەریی لەسەر بەرھەمی ھەنجیر ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەولێر، دھۆک و ئاکرێ خەڵک داوای ھەنجیرمان لێ دەکەن".
خاوەن باخی ھەنجیر، کامیل سورچی کە چەند سەندوقێکی لە باخەکەی داناوە بۆ لێکردەوەی ھەنجیر و لە ھەر دارێک چەند ھەنجیرێک دەخاتە ناو سەندوقەکەیەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە دوو رۆژ جارێک ھەنجیرەکانیان دەڕنن.
باخەکەی کامیل سورچی باخێکی گەورەیە و چەمێک بەناو باخەکەیدا تێدەپەڕێت و چەندین دار ھەنجیر لە قەراخ چەمەکە رووراون و دارەکانیش لە جۆری ئەحیا بەگن.
کامیل سورچی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەنجیر چەند جۆرێکی ھەیە لەوانە، ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ و چەند جۆرێکی دیکەیش، ھەنجیر لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستاندا ھەیە، بەڵام باوترین جۆریان ئەحیا بەگە کە تام و بۆنێکی تایبەتی ھەیە، ھەروەھا پەلکی ھەنجیرەکە (ئەحیا بەگ) تەنکترە و ئەم جۆرەیانە کە لە باخەکەی ئێمەدا ھەیە و بەگشتی ناحیەی بجیل جۆری ئەحیا بەگی لێ روواوە".
کامیل سورچی گوتیشی: "وەرزی پێگەیشتنی ھەنجیر لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکەوە جیاوازە و لە ناحیەی بجیل ساڵانە لە نیوەی دووەمی مانگی تەمووز پێدەگات و بەروبوومی تا نیوەی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبێت کە بەدرێژایی ئەم ماوەیە جووتیاران خەریکی لێکردنەوەی ھەنجیر دەبن، لێکردنەوەی ھەنجیر نابێت بەشێوەی راکێشان لە دارەکەی لێ بکەیتەوە، بەڵکو دەبێت ھەنجیرەکە بەشێوەیەک بخولێنیەوە بۆ ئەوەی لە دارەکە بێتەوە و ئەمە باشترین شێوازی لێکردنەوەی ھەنجیرە".
کامیل سورچی لەبارەی نرخی هەنجیر گوتی: "لە سەرەتای وەرزی لێکردنەوەدا، بەهۆی ئەوەی هەنجیر لە ناوچەی ئێمەدا زووتر پێدەگات، ئەوا نرخی یەک کیلۆ هەنجیر دەگاتە ١٠ هەزار دینار و دوای ئەوەی ھەنجیری ناوچەکانی دیکە پێدەگات، ئەوا نرخەکان دادەبەزن و لەئێستاشدا نرخی یەک کیلۆ ھەنجیر بە سێ ھەزار دینارە".
کامیل سورچی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەو نەخۆشی و دەردانە کرد کە تووشی کشتوکاڵ دەبن و گوتی: "دەردێک ھەیە کە تووشی دارەکان دەبێت و چەند جارێک داوامانکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ بۆ چارەسەری ئەم دەردە، بەڵام ھەوڵەکان بێ ئەنجام بوون، چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە دەبێت ھەموو باخەکان بە دەرمان بڕشێندرێن، ئەگەر من باخەکە بڕشێنم و دراوسێکەم نەیڕشێنێت ئەوا رشاندنەکە ھیچ کاریگەری نابێت".
ھەنجیر میوەیەکی خۆشی وەرزی ھاوینە و میوەیەکی پڕ کانزایە، بە تەڕی و بە وشکی دەخورێت و لە خێزانی تووەکانە، ئەو میوەیە وەکو میوەکانی دیکە نییە لە رووی خواردنەوە، تا بەتەواوی پێ نەگات ناخورێت، خوای گەورە سورەتێکی بە ناوی ھەنجیر دابەزاندووە، سوێند خواردنی خودای گەورە بەم میوەیە، گرنگیدانە بە سوودەکانی ئەو میوەیە و لە کۆنەوەش باسی سوودەکانی ئەم میوەیە کراوە و خەڵک بۆ نەخۆشیشی دەیخۆن.
کامیل سورچی لەبارەی کڕیاری ھەنجیرەکانی گوتی: "ساڵانە خەڵک ھەیە لە ناوچە جیاجیاکان ھەنجیرمان لێ دەکڕێت و ھەم بۆ خواردن و ھەم بۆ مورەبا و لەتکە ھەنجیر سوودی لێ وەردەگرن و بەکاری دەھێنن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی وشکەساڵییەوە، کاریگەریی لەسەر بەرھەمی ھەجیرەکانمان ھەیە و رێژەی بەرھەمھێنانی کەمتر بووەتەوە بەراورد بە ساڵانی رابردوو".
ساڵانە لە دەڤەری ئاکرێ زیاتر لە ٣٠٠ تۆن ھەنجیر بەرھەم دەھێندرێت و زیاتر لە پێنج جۆر ھەنجیریشی ھەیە لەوانە، ئەحیا بەگ، بێناتی، ھەنجیرە رەش، تەفسک زەرد و رەش، ھەنجیرە دێم، ھەنجیرە پاییز و سوورخاڵ، هەروەها باخەوانانی ئاکرێ ساڵانە دەیان تۆن ھەنجیر وشک دەکەنەوە بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان لە شەوچەرەی وەرزی زستاندا سفرەکانیان پێ بڕازێننەوە.