Sarmand Hameed
12 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2021
هەولێر - AA
پارێزگارى هەولێر، ئومێد خۆشناو ئاشكرایكرد، هەموو دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ خزمەتى هاووڵاتییانى هەرێمی کوردستان دامەزراون، و لە چوارچێوەى ئەو هەوڵانەشدا بڕیاردرا کێشەکانى گەڕەکى باداوەى هەولێر چارەسەر بکرێن، ئاماژهی بهوهش کرد سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەموو لایەکى راسپاردووە بە تەواوى ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.
ئومێد خۆشناو دواى کۆبوونەوەى لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى سنوورى شارەوانى هەولێر، گوتى: "دواى ئەو قەیرانەى روویاندا، مژدەى ئەوە دەدەین کە دۆخى بێئاوى هەولێر چارەسەر کراوە ئەویش لە رێگەى بە گهڕ کەوتنەوەى پڕۆژەکانى ئاوى ئیفراز و ٥٢٣ بیریش نۆژەنکراونەتەوە سەربارى ئەوانەش بڕیارمان داوە تەنکەرى ئاو دابین بکەین بۆ ئەو هاووڵاتییانەى کە بەهەر هۆکارێک بێت کە ئاویان پێ ناگات".
پارێزگاری هەولێر ئەو بڕیارانەی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا دراون لەوانە، لە چوارچێوەى بەرنامەى بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵى چەند رۆژێکە ئاوى ئیفرازى یەک و دوو و سێ بە گهڕ کەوتوونەتەوە و پرۆژەى قەندیلیش ئاو بۆ ناو هەولێر دەنێرێت.
راشیگەیاند، لیژنەکانى بەرەنگاربوونەوەى وشکەساڵى هەر زێدەڕۆییەک بۆ سەر تۆڕەکانى ئاو دەبڕدرێن و داوایشی لە هاووڵاتییان کرد هاوکارى تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاو بکەن.
پارێزگارى هەولێر، ئومێد خۆشناو گوتیشی: "تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى ئاوى هەولێر بە تانکەر ئاو بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین دەکەن کە کێشەى ئاویان هەیە و هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لەڕێگەى شارەوانییەکانى نزیک خۆیانەوە داواى ئاو بکەن، تا بۆیان دابین بکرێت".
جێی ئاماژەیە، بەهۆی لێڵبوونی ئاوی پرۆژەی ئیفراز، ماوەی چەند رۆژێک بوو بەشێک لە گەڕەکانی شاری هەولێر بێ ئاوبوون.