Heman Hussein Yaseen
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2021
هەولێر - AA
لە شاری هەولێر ناوەندی سکاڵا بۆ ستەمی دەوڵەتی عێراق بەرامبەربە کوردستان راگەیەندرا.
یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی خولەکانی پێشووی پەرلەمان، یاساناس، چالاکوان، نووسەر، نوێنەری پێکهاتە ئایینیەکان و چەندین کەسایەتی دیکە، هەڵمەتێکیان راگەیاند کە بریتییە لە دامەزراندنی "ناوەندی سکاڵا بۆ نەهێشتنی ستەمی دەوڵەتی عێراق و قەرەبووی قوربانییان و بەدیهێنانی دادپەروەری و مافی کوردستانیان بەوانەشەوە کە لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق ژیان و دەژین".
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی سکاڵا بۆ ستەمی دەوڵەتی عێراق بەرامبەربە کوردستان، ئازاد جوندیانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، دامەزراندنی ناوەندەکەی راگەیاند و گوتی: "لە ٢٣ی ئابدا، دەوڵەتی عێراق پێ دەنێتە ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی و دواتریش بەزۆر پێوەلکاندنی هەرێمی کوردستان بەم قەوارەیەوە، ئەمەش پێچەوانەی ویستی نەتەوەی کورد و پەیماننامەی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠ بوو، لەم ١٠٠ ساڵەی رابردوودا تا ئێستاش، عێراق دەوڵەتێک بووە لە تێکڕای قۆناغەکاندا، مەگەر هەندێک ماوەی کورت کورتی لێ دەرچێت، ئەگەرنا سەرجەم حکوومەتە یەک لەدوایەکەکانی سەردەمی پادشایەتی و کۆماریی ساڵی ١٩٦٨ و دواتریش سەردەمی رژێمی بەعس تا دەگاتە قۆناغی دوای رووخانی رژێم و بە ئێستایشەوە دەوڵەتێک بووە بەرامبەر کورد و نەتەوەکانی دیکەیشی وەک تورکمان و کریستیان و بە هەموو ئایین و ئاینزاکانییەوە، داگیرکەرانە و بەشێواز و ئامرازەکانی جۆراوجۆری توندوتیژی رەفتاریی کردووە".
ئازاد جوندیانی گوتیشی: "بێبەشکردنی ھاووڵاتییان لە مافەکانیان و بەکارھێنانی سامانی ژێرزەوی و سەرزەوی لە شەڕ و ململانێکاندا، ئەوە بەشێکی دیکەی رەفتاری ناڕەوای دەوڵەتی عێراق بووە بەرامبەر دانیشتوانی خۆی و سڕینەوەی یادەوەرییەکانی کوردەواری، ئاڵۆزکردن و شێواندنی ژینگەی کۆمەڵایەتی پێکهاتەکان و بەزۆر دەرکردنی جوولەکەکانی کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ و شوێنەوارەکانیان، یەکێکی دیکەیە لە تاوانەکانی ئەم دەوڵەتە".
ئازاد جوندیانی راشیگەیاند "خەڵکی کوردستان بە تاک و کۆ و ھەموو پێکھاتەکانییەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و نەوە یەک لەدوای یەکەکانی ھەموو نەھامەتییەکانی دیووە، بۆیە چاوی لەوە بووە لە بەرامبەر ئەو ھەموو تاوانەی دەرھەقی کراوە، دامەزراوەکانی عێراق قەرەبوویان بکەنەوە، بەتایبەتی کەسوکاری ئەنفالکراوان و قوربانییانی پرۆسەی بە عەرەبکردن و راگواستن و ئەوانەی گوندەکانیان وێران کرا. لە تازەترین رەفتاریشدا کردارە قێزەونەکانی رێکخرای تیرۆریستی داعشە کە ھەموو ئەوانەش بەھۆی ئەوەیە کە عێراق بەردەوام لە خۆدزینەوەدایە بەرامبەر بە ئەندامبوونی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە ئەوەش جارێکی دیکە تاوانێکە بەرامبەر دانیشتوانی خۆی ئەنجامی دەدات".
ئازاد جوندیانی هەروەها گوتی: "دەبێت عێراق ملکەچ بکرێت بۆ ئەوەی دان بە مافەکانی کورد و بڕیاری قەرەبوو بدات و ھەموو نەتەوەکان مافی ئەوەیان ھەبێت ئازادانە بژین، ئەم ھەڵمەتەی ئەمڕۆش رادەگەیەندرێت، بریتییە لە ھەڵمەتی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان بۆ بەرەنگاریی ئەو ستەمانەی ١٠٠ ساڵە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت و داوای مافی قەرەبووکردنەوەیە، بەڵام بە ھیچ جۆرێک جێگرەوەی ھێڵە ستراتیجییەکانی مافی چارەنووس و داوای سەربەخۆیی نییە. ھیچ حزب و لایەنێک ئاراستەی ناکات، بەڵام بە رێکاری تەواوی یاسایی کارەکانی ئەنجام دەدات و ھەوڵ دەدات پشتیوانیی ھەموو توێژ و لایەن و رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانییەکان و پیشەگەرانی میدیایی و یاسایی و مافپەروەران بۆ ئەم ھەڵمەتە پێویستە و سکاڵای خۆی لە بەرامبەر دەوڵەتی عێراق دەگەیەنێتە ھەموو ناوەندە جیھانییەکان و نامەی ھەڵمەتەکە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان دەچێت و راستەوخۆ دەبنە ئەندامی ئەم ھەڵمەتە و ئەندامانیشی پشوودرێژانە کارەکانیان رادەپەڕێنن".
لە بەشێکی هێڵە گشتییەکانی هەڵمەتەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو کە سکاڵاکان بەدەر لە گیروگازەکانی یاسا و دەستووریی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئاراستەی سێ دەسەڵاتەکەی عێراق، دادوەریی، یاسادانان و جێبەجێکردن دەکرێت، هاوکات کۆپییەک لەهەر سکاڵایەک بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتیی و جیهانییەکان، باڵیۆزخانە و کۆنسولگەرییەکان دەنێردرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ دامەزراوەکانی وەک یەکێتیی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەورووپا، دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایی، رێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامیی، کۆمکاریی وڵاتانی عەرەب، یەکێتیی ئەفەریقا، رێکخراوی ئۆراسیا و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش دەنێردرێن.