عێراق

قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە بەغدا

- بە ھۆی خۆپیشاندانەکانی شارەکەوە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بەتەواوەتی لە شاری بەغدا راگەیەندرا و ھێزەکانی سوپا بە زرێپۆشی سەربازییەوە لە دەروازەکانی ناوچەی سەوز تا کاتێکی نادیار جێگیرکراون.

03.10.2019 - نوێکردنەوە : 04.10.2019
قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە بەغدا

Iraq

بەغدا ـ AA

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی و بۆ رێگریکردن لە خۆپیشاندانەکان، بەتەواوەتی قەدەغەکردنی ھاتوچۆیان لە بەغدای پایتەخت راگەیاند.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لەو بارەیەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە کە لە پێناو پارێزگاریکردن لە سیستمی گشتی و ئەمنی ناوخۆیی و پاراستنی خۆپیشاندەران لە ھەندێک لەو دەستانەی کە پەلاماری ھێزە ئەمنییەکان و موڵک و ماڵی تایبەتی و گشتییان دابوو، قەدەغەکردنی ھاتوچۆیان راگەیاندووە.

ئاماژەی بەوەیشکردووە کە ھێزە ئەمنییەکان رێگا بە ھاتوچۆکردنی حاڵەتە مرۆیی و لەناکاوەکان و ئەو کەسانە دەدەن کە لە رێگەی فڕۆکەخانەی بەغداوە گەشت دەکەن یان بۆ ماتەمینی چلەی ئیمام حوسێن سەردانی کەربەلا دەکەن.

لە لای خۆیەوە ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، ئەحمەد خەلەف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان لە کاتژمێر پێنجی بەیانی ئەمڕۆوە تا کاتێکی نادیار لە تەواوی ناوچەکانی بەغدا دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان و قەدەغەکردنی ھاتوچۆکردنی ھاووڵاتییان و ئۆتۆمۆبێل".

ئەحمەد خەلەف گوتیشی: "بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆکردن لە لایەن سەرۆکوەزیران و سەرکردەی گشتی ھێزە چەکدارەکان، عادل عەبدولمەھدی دەرچووە بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان و ئەو کردە تێکدەرانانەی ئەنجام دەدرێن".

ئەفسەر لە پۆلیسی بەغدا، ئەحمەد خەلەف ئاماژەی بەوەیشکرد کە بەیانی ئەمڕۆ دەستکراوە بە بڵاوکردنەوەی زرێپۆشی سەربازی سەربە سووپا لە نزیک دەروازەکانی ناوچەی سەوز و خراونەتە دۆخی ئامادەباشییەوە بۆ وەڵامدانەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ گەمارۆدان و پەلاماردانیان لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە.

بە ھۆی خۆپیشاندانی چەند رۆژی رابردووی بەغدا و بەشێک لە شارەکانی تری عێراق کە لە رۆژی سێشەممەوە دەستیان پێ کردووە، تا ئێستا ١٢ خۆپیشاندەر کوژراون، لەو خۆپیشاندانانەشدا لە لایەن بەشێک لە خۆپیشاندەرانەوە پەلاماری باڵەخانەی پارێزگاکان و دامودەزگا حکوومییەکان و بارەگای لایەنە سیاسییەکان لە پارێزگاکانی زیقار و میسان و نەجەف دراوە و سوتێنراون.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın