Zana Natık Kerem
15 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2020
هەولێر ــ AA
فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی چوار، عەمید خەڵەف بەدران رایگەیاند کە لە میانی قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆ" كە بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە باشووری پارێزگای بەسرە دەستی پێ كراوە، 18 داواكراو دەستگیركراون.
عەمید خەڵەف بەدران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "هێزە ئەمنییەكان قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی 'بەڵێنی راستگۆ'یان بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە ناوچەكانی ئوم تەیحە سەربە قەزای ئەبو خەسیب و ناوچەی رومێلە سەربە قەزای زوبێر باشووری پارێزگای بەسرە، دەست پێ كردووە".
فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی چوار، عەمید خەڵەف بەدران ئاماژەی بەوە داوە كە لە میانی قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆ" لە پارێزگای بەسرە ، 18 داواكراو دەستگیركراون و ئۆپەراسیۆنەكەیش بەردەوامە.
پێشتر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق راگەیاندبوو كە هێزە ئەمنییەكان قۆناغی پێنجەمی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆ"یان بە ئامانجی سەپاندنی ئاسایش و جێبەجێكردنی یاسا لە باشووری پارێزگای بەسرە دەست پێ كردووە.