Sarmand Hameed
20 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی ھیوای خواست رۆژێک بێت ژنان لە بەرزترین پۆستە حکوومییەکاندا بن.
قوباد تاڵەبانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەیەکی جێگری سەرۆکی ئەمریکای لەکاتی سوێندخواردنی بڵاوکردووەتەوە و بە ئاماژەکردن بە ناوی کامالا ھاریس نووسیوویەتی: "یەکەم ژنە لە مێژووی ئەمریکادا ببێتە جێگری سەرۆک".
قوباد تاڵەبانی ھیوای خواست رۆژێک بێت ژنان لە بەرزترین پۆستە حکوومییەکاندا بن و نووسیوویەتی: "نوخشە بێت لە کوردستان، ھیواخوازم رۆژێک بێت ژنان لە بەرزترین پۆستە حکوومییەکان بن و بە شێوەیەکی کارا و راستەقینە مومارەسەی دەسەڵات بکەن".
کامالا ھاریس، کە لە ٥٩یەمین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکادا وەکو جێگری سەرۆکی کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدن ھەڵبژێردرا، بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی ناوخۆی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد.
ھاریس، کە لە ھەڵبژاردنەکانی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتی ئەمریکادا وەکو جێگری سەرۆک کانیدکرابوو، بووە یەکەم ژن کە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکای وەرگرتبێت.
ھاریس-ی ٥٦ ساڵ، وەک یەکەم ژنی رەشپێست و بە رەچەڵەک ھیندی و کاریپی ئەو پۆستە وەربگرێـت، ناوی چووە مێژووەوە.